یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆمانە پۆلیسییەکانی خانمە نووسەری ناوداری ئینگلیزی (ئاگاسا کریستی)یە، کە تێیدا لێکۆڵەری دادی بەلجیکی، (هێرکۆل پۆیرۆ) ڕۆڵ دەبینێت. لە ناوەڕاستی گەشتی ئەو شەمەندەفەرەدا، تاوانێکی کوشتن ڕوودەدات.
 
قوربانییەکە لە ناو فارگۆنێکی شەمەندەفەرەکەدا بە چەقۆ کوژراوە. شەمەندەفەرەکە بەهۆی بەفربارینەوە دەوەستێت و داوا لە (پۆیرۆ) دەکرێت کە پێش ئەوەی پۆلیسی ناوچەکە بگاتە ئەوێ، ئەو خۆی کەیسەکە یەکلا بکاتەوە.
 
(پۆیرۆ)چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرنشینەکان دەکات و دۆسییەکە تادێت ئاڵۆزتر دەبێت. لێکۆڵینەوەکە ئاشکرای دەکات کە سەرنشینەکان پەیوەندییان بە ڕابردووی قوربانییەکەوە هەبووە و بەکۆمەڵ بەشدارییان لە کوشتنیدا کردووە.
 
لێکۆڵەر بۆی ڕوون بۆوە کە ژمارەی برینەکانی سەر جەستەی قوربانییەکە، یەکسانە بە ژمارەی سەرنشینانی ناو شەمەندەفەرەکە و دەرچوو هەر یەکەیان چەقۆیەکیان لێداوە……
 
‎نووسەری ناوداری سووری محمد الماغوط لە کتێبی (سأخون وطني) لێکچواندنێک دەکات لە نێوان قەزیەی فەلەستینی و تاوانی کوشتنی ناو شەمەندەفەرەکە، بە شێوەیەک، ژمارەی چەقۆی سەر جەستەی فەلەستین، یەکسانە بە ژمارەی وڵاتانی عەرەبی.
 
منیش بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی کەشوهەوا لە دوبەی دەڵێم، ژمارەی چەقۆکانی سەر جەستەی شەکەت و ماندووی زەوی، ڕێک یەکسانە بە ژمارەی سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو.