
(ڕۆناڵد ڕێگن)ی دوژمنە سەرسەختەکەی یەکێتی سۆڤییەت، هەمیشە پەندێکی پێشینانی ڕووسی بەبیر هاوکارەکانی دەهێنایەوە: “متمانە بکەن، بەڵام زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە”….….
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، مێژوونووس و پرۆفیسۆر جۆزێف ئێلیس، قوتابییەکانی لە کۆلێژی ماونت هۆلیۆک ئاشنا دەکرد بە ڕووداوەکانی جەنگی ڤێتنام و زۆرجاریش بە ئەزموونەکانی خۆی لە هێڵی پێشەوەی ئەو جەنگە خوێناوییەدا، باسەکانی دەوڵەمەند دەکرد. پرۆفیسۆر جۆزێف ئێلیس هەمان ئەو باسانەی لە چاوپێکەوتن و دیدارە ڕۆژنامەوانییەکانیشیدا زەق دەکردەوە و زیاتر کەسایەتیی خۆی وەک جەنگاوەرێکی دێرین وێنا دەکرد کە ئەو ڕووداوەکانی بە چاوی خۆی بینیوە.
لە ساڵی ٢٠٠١ ڕۆژنامەی بۆستن گڵۆب ئاشکرای کرد کە بە پێچەوانەی چیرۆکەکانییەوە، پرۆفیسۆر جۆزێف ئێلیس هەرگیز لە ڤێتنام نەبووە و لەوێ سەرباز نەبووە. ئەم ئاشکراکردنە کۆمەڵگەی زانستی و قوتابیان و توێژەرانی ئەکادیمی لە ئەمریکادا شۆک کرد. پرۆفیسۆر جۆزێف ئێلیس ناچار بوو بە ئاشکرا داوای لێبوردن بکات و بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دوورخرایەوە.
ئەم ڕووداوە وانەیەکی گرینگە کە تەنانەت سەرچاوە ڕێزلێگیراوەکان، مێژوونووسان، توێژەرانی بەناوبانگیش، دەتوانن زانیاری ناڕاست بڵاو بکەنەوە، بە مەبەست بێت یان نا.
هەمیشە بە قوتابییەکانم دەڵێم کە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ هەر زانیارییەک بکەن کە دەیانەوێت بەکاری بهێنن، مەرج نییە ئەوەی لە کتێب و توێژینەوەکان بڵاو دەبنەوە، ڕاست بن.
لە کوردستان، کتێبەکانمان پڕن لە زانیاری پشتڕاستنەکراوە…


