
عێراق ڕۆژانە نزیکەی ٥،٥ ملیار پێ سێجا، گازی سروشتی پێویستە بۆ ئەوەی سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بخاتە کار.
لە چەند ساڵی داهاتووشدا، ڕەنگە ئەو بڕە تا ٨ ملیار پێ سێجا بەرز ببێتەوە لە ڕۆژێکدا.
هەموو ئەو “گازی هاوەڵ”ەی لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت، نزیکەی سێ ملیار پێ سێجایە کە بەشێکی بە فیڕۆ دەچێت و بەشێکی پرۆسێس و کۆگا دەکرێت و بەکار دەهێنرێت.
کەواتە ئەگەر عێراق سوود لە هەموو گازە هاوەڵەکانی خۆی ببینێت و سەرجەم مەشخەڵەکانی سووتان و بەهەدەردانی گازیش بکوژێنێتەوە، هێشتا لە ڕۆژێکدا سێ ملیار پێ سێجا کورتهێنانی دەبێت و پێویستە لە دەرەوەی وڵات ئەو بڕە زەبەلاحە هاوردە بکات. ساڵ بە ساڵیش، بە هۆی گەشەی پیشەسازی و زیادبوونی چڕیی دانیشتوان، بڕی کورتهێنانەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت.
تاکە کێڵگەی دۆزراوە کە لە ژێر دەستی حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی سەربەخۆ گازی تێدابێت، کێڵگەی گازی “عەکاس”ە لە پارێزگای سوننەنشینی (ئەنبار) لە ڕۆژئاوای عێراق. ئەو کێڵگەیەش دەیان ملیار دۆلاری دەوێت تا دەکەوێتە سەر پێ.
عێراق هانای بۆ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییش بردووە کە وەبەرهێنان لە عەکاسدا بکات. ڕەنگە سەرباری بەربەستی دابینکردنی سەرمایەی زەبەلاح، بەربەستی ئەمنی و لۆجیستی و جیۆسیاسییش، هۆکار بن لە ساردکردنەوەی هەر کۆمپانیایەک لە جێگیربوون لە ئەنباردا.
بەیتی قەسیدی ئەم شیکردنەوەیە: بوونی عێراق بە وڵاتێکی هەناردەکاری گاز، لە ئایندەیەکی نزیکدا، جۆرێکە لە خەیاڵپڵاوی…
بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیجییەی عێراق، هەرێمی کوردستان دەیتوانی گەمەکەرێکی ئابووریی گرنگ بێت. بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو پیشەسازییە، هەڵبژاردنی کۆمپانیایەکی قۆڵبڕی پەرێزپیس، کە لە بری ئەندازیارانی نەوت و گاز، زیاتر پشت بە کۆمەڵێک خەڵکی فێلبازی نێودەوڵەتی دەبەستێت بۆ دۆزینەوەی کەلێنی قانوونی لە گرێبەستە کرچووکاڵەکان و دۆشینمان، هۆکاری سەرەکیین لە نەهاتنەدی ئەو ئامانجە مەزنە.


