
کۆمەڵێک ژمارەی زۆر لە ناو خشتەیەکدا داندرابن و ڕێکنەخرابن و بۆ خوێنەر هیچ واتایەکی ئەوتۆ نەبەخشن، پێیان دەگوترێت داتا.
ئەگەر داتاکان بە شێوەیەکی لۆژیکی ڕێکبخرێن و بۆ نموونە لە ڕێگای شیکاریی ئامارەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت و پیشانی خوێنەر بدرێت، داتا دەگۆڕدريت و دەبێت بە زانیاری.
کۆمەڵێک زانیاریی زۆر و زەوەند و بەسەرووبەر، تێکهەڵکێشرا و مانادار، پلەیەک بەرز دەبێتەوە و دەبێت بە مەعریفە.
مەعریفە دەخرێتە ژێر چاودێری و وردبینیی شارەزایان و کۆمەڵگە. بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک لە مەعریفەکان بەرگەی هەڵسەنگاندن ناگرن، هەرەس دەهێنن و بە درۆ دەخرێنەوە. بەشێکی دیکە لە مەعریفەکان، لە لایەن کۆمەڵگەوە دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و وردبینی، بە درێژایی سەدان ساڵ، خۆڕاگر دەبن و بە درۆ ناخرێنەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، لە کونج و کەلێنەکانی ژیاندا، ڕاستی و دروستیی خۆیان دەسەلمێنن، ئەوکاتە مەعریفەش پلەیەک بەرز دەبێتەوە و دەبێت بە حیکمەت.
وتەکانی پێشینانی کوردی زۆربەیان حیکمەتن. لای من یەکێک لە گەورەترین حیکمەتەکان لە ژیاندا وەک کورد فێری بوو بم ئەوەیە کە دەگوترێت: “هەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە مەعنا”!
بە گشتی لە ژیاندا، بۆ هەموو شتێک، پێویستیمان بە هاوسەنگی هەیە. هاوسەنگی لە ڕێزگرتنی بەرامبەر، هاوسەنگی لە کارکردن، هاوسەنگی لە خۆشەویستی، هاوسەنگی لە ڕقلێبوونەوە هتد.
دەگوترێت کە ژیان وەک ئەوە وایە بە سەر گورێسێکدا بڕۆیت، تەنها ئەوانەی بە هاوسەنگی بە سەریدا تێدەپەڕن، ناکەونە خوارەوە.


