جۆن كەنەدی دەڵێت: لە كاتی بارگرژی، وریای مەترسییەكان بە، بەڵام هەردەم بۆ دەرفەت بگەڕێ.
ساڵی 1973، وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنی نەوت، بە سەركردایەتی سعودیە هەناردەكردنی نەوتیان بۆ ئەمریكا راگرت و گورزێكی كاریگەریان لە ولایەتە یەكگرتووەكان دا.
ئامانجی ئەوان فشارخستنە سەر ئەمریكا بوو بۆ ئەوەی پشتیوانییە سەربازی و سیاسییەكانی بۆ ئیسرائیل رابگرێت.
ئابووریی ئەمریكا زیانی گەورەی پێگەیشت و هەموو جیهان بەچاوی خۆیان بینییان كە ئەمریكاش سەرەڕای زەبەلاحیەكەی لەڕووی سەربازی و تێكنۆلۆجی، خاڵێكی لاوازی ستراتیجیی هەیە، ئەویش پشتبەستنە بە وڵاتانی عەرەبی و بە ئێران كە لە بنەڕەتدا چەندین ناكۆكی ستراتیجی لێكیان دووردەكاتەوەو ئەمریكا دووچاری مەترسی كەمەرشكێن دەكات سەبارەت بە دابینكردنی ئاسایشی وزە.
هەرچەندە ولایەتە یەكگرتووەكان بۆ ماوەیەكی كاتی زیانی گەورەی بەركەوت، بەڵام ئەو رێوشوێنانەی سەركردەكانی ئەوكاتی ئەمریكا گرتیانەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەگەیشتنی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شكستی بە گەمارۆكەی وڵاتانی عەرەبی هێنا.
سەرۆكی ئەوسای ئەمریكا جێراڵد فۆرد و وەزیری دەرەوە هێنری كیسینجەر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی نەهاتنی نەوت بڕیاری دامەزراندنی یەدەگی ستراتیجی نەوتیان دا كە بریتی بوو لە چەند كۆگایەكی زەبەلاحی نەوت. كۆگایەكان توانای عەمباركردنی 727 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەبوو كە تا ئێستاش بە گەورەترین شوێنی عەمباركردنی نەوت دەژمێردرێت لەسەر ئاستی جیهان.
هەر جارێك ئەمریكا دووچاری كەمیی نەوت ببێتەوە، ئەم كۆگایانەی عەمباركردنی نەوت دەكەونە كار و بۆ ماوەیەكی باش ئەمریكا لە كەمیی وزە و كاریگەرییەكانی دەپارێزن.
سەرەڕای كۆگای ستراتیجیی نەوت، ولایەتە یەكگرتووەكان چەندین یاسا و رێنماییشی كردە نەخشە رێگا بۆ كۆمپانیاكانی وەكو ئۆتۆمبێل و بەرهەمهێنانی وزە و دامودەزگا حكومی و ناحكومییەكان بۆئەوەی بە كاریگەرترین و كەمترین رێژە وزە بەكاربهێنن و ئامێرەكانیان بەشێوەیەك ساز بكەن كە وزە بەفیڕۆ نەدات.
ئەمریكا لەبەرچاوی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بەرەو سەربەخۆبوونی وزە هەنگاوی دەنا، بە جۆرێك ئەو وڵاتانەی تووشی دڵەڕاوكێ كرد كە رەنگبێت بۆ هەتا هەتایە كڕیارێكی گەورەی وەك ئەمریكا لەدەستبدەن و ئەمریكا ببێتە مۆدێلێك بۆ كڕیاری دیكەش و لە ئایندەدا وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و نەوتەكەشیان بێ نرخ بكەن.
وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پەلە، بەر لە پێكاندنی ئامانجەكانیان و بێ ئەوەی ئەمریكا تۆزقاڵێك پشتیوانییەكانی بۆ ئیسرائیل رابگرێت، كۆتاییان بە گەمارۆی هەناردەكردنی نەوت هێنا. كەلتووری پاراستنی وزە ئێستاش لە ئەمریكا كاریگەری خۆی هەیە و ئەوروپاییەكانیش چوونەتە سەنگەری دژی زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی نەوت و گاز.
كۆمپانیایەكی ئەمریكی ئێستا سەرقاڵی پەرەپێدانی جۆرە ئۆتۆمبێلێكە بە ناوی "تێسلا" كە تەنها پشت بە پاتری و وزی كارەبا دەبەستێ. ئەمساڵ بەپێی ئامارەكان، ئۆتۆمبێلی تێسلا پڕفرۆشترین جۆری ئۆتۆمبێلە لە وڵاتێكی خاوەن نەوتی وەك نەروێژ.
لێرەدا، با وتەكەی جۆن كەنەدی بیربهێنینەوە و ئەم پرسیارانە بكەین:
تۆ بڵێی گەمارۆی سەر هەرێمی كوردستان و قەیرانی مووچە دەرفەتێك نەبێت بۆ كورد بۆ بیركردنەوە لە دەربازبوون لە وابەستەیی بە حكومەتی ناوەند؟
تۆ بڵێی هەوڵدان بۆ هەمەلایەنكردنی سەرچاوەكانی داهات و گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و سامانەكانی دیكەی كوردستان، زەنگێكی هۆشیاركردنەوە نەبێت بۆ كاربەدەستانی بەغدا كە كورد لە ئایندەدا پارە و پوولەكەی حكومەتی ناوەند بێ نرخ دەكات؟
تۆ بڵێی ئەم بارگرژییەی ئێستا دەرفەتێكی زێڕینی بۆ سەربەخۆیی ئابووری لەگەڵ خۆی نەهێنابێت؟
سەرچاوە: ڕووداو
05-05-2014
https://www.rudaw.net/sorani/business/050520144-amp


