
چوونە سەرمانگ لە سەردەمی جەنگی سارددا زیاتر نمایش بوو، نمایشی هێز و توانا. دەگوترا ئەوەی لە بۆشایی ئاسماندا باڵادەستبێت، لە سەر زەویش باڵادەستە.
ئەو پەرەسەندنە تەکنەلۆژیانەی زانستی ڕۆکێت و مانگی دەستکرد، وایکردووە دەستگەیشتن بە مانگ ئاسانتر بێت لە جاران. ئێستا لە ڕووکەشدا هەر وا دەردەکەوێت کە وڵاتان توانای گەڕانیان هەیە بە قووڵایی بۆشایی ئاسماندا و لێهاتوویی و ئاستی تەکنەلۆژی خۆیان نمایش دەکەن و براندسازیش بۆ وڵاتەکەیان ئەنجام دەدەن.
مانگ خۆی ملیارەها ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەنجامی بەریەککەوتنێکی زەبەلاحی هەر دوو هەسارەی زەوی و (سییا)دا لە دڵی زەوییوە بەرە و بۆشایی ئاسمان بەرز بۆتەوە. ئەو نیوەیەی مانگ کە ڕووی لە ئێمەیە، ئەرشیف و مێژووی دروستبوونی زەوی لە خۆ گرتووە. بەڵام وڵاتان و زاناکانیان، ئێستا زۆر مەبەستیان نییە کە لە چۆنییەتی دروستبوونی زەوی بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەش ناچنەوە سەر مانگ. ئەوەی سەرنجی زاناکانی ڕاکێشاوە دیوە دوورەدەستەکەی مانگە کە لە سەر زەوییەوە لێمان دیار نییە.
ناوچە دوورە دەستەکەی کە ڕووی لە زەوی نییە، ناوچەیەکی ئارامە، دوورە لە ژاوەژاو و لەرینەوەی شەپۆلە ڕادیۆییەکان کە سەرچاوەکەی چالاکی مرۆڤە لە سەر زەویەوە. ژاوەژاوی ئەو شەپۆلە ڕادیۆییانە هۆکارن کە تەلەسکۆپەکان و ئامێرەکانی وەرگرتنی سیگنالە فەلەکییەکان بە ڕوونی و کارایی تەواو، کار نەکەن. دانانی بنکەی فەلەکی و تەلەسکۆپی زەبەلاح لە سەر دیوە دوورەکەی مانگەوە، وەرچەرخانێکی نوێ دەبێت لە پشکنینی گەردوون و ئاشکرا کردنی زەمەنە تاریکەکانی گەردوون (زەمەنی دوای تەقینەوە گەورەکە، کە بووە هۆی دروستبوونی گەردوون).
مانگ، هاوشێوەی زەوی، بەرگەهەوای نییە بۆ ئەوەی بەرگری لێبکات لە تیشکە ناوەکییەکانی کە لە خۆرەوە هەلدەقوڵێن. ملیارەها ساڵە مانگ لە ژێر بۆمبارانکردنی تەپووتۆزە تیشکدارەکانی خۆردایە و کارلێکەکان بە شێوەیەک بوون کە چینی دەرەوەی خاک لە سەر مانگدا دەوڵەمەند بێت بە توخمی هیلیۆم-٣. ئەو توخمە دەگمەنە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە سووتەمەنییەکی گرینگ بۆ بۆ بزوێنەرە ناوەکییەکان لە داهاتوودا و سەرچاوەیەکی گرینگی وزە لە بۆشایی ئاسماندا.
بە هەمان شێوە، یەدەگێکی زەبەلاحی چینە سەهۆڵییەکان لە جەمسەرەکانی مانگدا هەیە، لە تارماییدان و تیشکی خۆر زەفەری پێ نەبردوون و نەتواونەتەوە. بە تەکنەلۆجیای گونجاو لە ئایندەدا، ئەو چینە سەهۆڵانە، دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ئاوی خواردنەوە و بۆ سووتەمەنی بنکەی ئەتۆمی و هەڵدانی مووشەکەکانیش. ئەو دەستکەوتانە دەتوانن ببن بە پشتیوانییەکی کەم وێنە بۆ باڵادەستبوونی وڵاتانی زلهێز لە بۆشایی ئاسماندا.
سەرباری هەموو ئەوانە، هەبوونی بنکەی هەمیشەیی ستراتیژی لە سەر مانگدا زۆر گرینگە بۆ ئەو وڵاتانەی کە تمووحیان سنوورەکانی زەوی تێپەراندووە. چاوەڕواندەکرێت بە هۆی نەبوونی هێزی کێشکردنی ئەوتۆ لە سەر مانگدا، پرۆسەی هەڵدانی مووشەکەکان ئسانتر بێت بە بەراورد لەگەڵ زەوی، هەندێک لەو باوەڕەدان کە دەرگای مەریخیش، بە زاڵبوونی تەواو بە سەر مانگدا دەکرێتەوە. مانگ دەبێت بکرێتە وێستگەیەکی ترانزێتی گەشتە ئاسمانییە دوورەکان. لە ڕووی لۆجیستی و تێچوون و کارئاسانیی تەکنەلۆجی و ژاوەژاوی خەمخۆرانی ژینگە، دەرفەتێکی زێڕینە کە ئەو ولاتانە، بە بێ بەربەستە یاسایی و ئەخلاقییەکانی کە لە سەر زەویدا هەن، هەررچییان بوێت بیکەن.
مانگ بەرەیەکی نوێی پێکدادانی جیۆپۆلەتیکی وڵاتانی زلهێزە. ئێستا چوونە سەرمانگیش تەنها بۆ ئەمریکا و ڕووسیا قۆرخ نەکراوە، نیمچە زلهێزە تازەکانی وەک هیندستان، ژاپۆن، کۆریای باشوور، یەکێتی ئەوڕوپاش، بە نیازن کە مانگ بۆ خۆیان بکەن بە قووڵاییی ستراتیژی.
گەڕانەوەی زلهێزەکان بۆ سەر مانگ، ئەمجارەیان تەنها بۆ چەقاندنی ئاڵا نییە. ئەجێندای ئەمجارە، بریتییە لە باڵادەستیی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی سەرچاوەکان و دیاریکردنی ڕێڕەوی داهاتووی شارستانییەتی مرۆڤایەتیە لە بۆشایی ئاسماندا.


