ساڵی ١٨٠٨ لە پێکدادانەکانی ناسراو بە جەنگەکانی فینلاند، ١٨٠٠ سەربازی ڕووسی دەگەنە دوورگەی (گۆتلاند)ی سویدی لە دەریای ستراتیجیی بەڵتیق و داگیری دەکەن.

سەرباری ئەوەی کە لەو جەنگەدا زۆر شوێن و ناوچەی دیکەی وڵاتەکە لەبەرامبەر هەژموونی فراوانخوازیی ڕووسەکاندا لەدەستدرابوو، بەڵام سوید داگیرکردنی (گۆتلاند)ی پێ قووت نەدەدرا، بۆیە دوای نزیکەی چوار هەفتە لە داگیرکردنی دوورگەکە، سویدییەکان بە ٢٠٠٠ سەربازی مارێنز لە گۆتلاند دابەزین و دوورگەکەیان لە ژێر چەپۆکی ڕووسەکان دەرهێنا.

بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێی ئەوروپا، گۆتلاند خاڵی بەریەککەوتنی سوید و وڵاتانی دەورووبەری بووە. ئەمریکا و ناتۆ پێویستیانە لە گەرووی دەریایی دانمارکەوە بگەنە دەریای بەڵتیق و لە کاتی بەرپابوونی جەنگدا بە ھانای وڵاتانی سەر دەریای بەڵتیقی ئەندام لە ناتۆ (لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا) بچن. ئەگەر لە شەوەزەنگێکی سارددا سوپای ڕووسی دەست بەسەر دوورگە ستراتیجییەکەی گۆتلاندی سویدیدا بگرێت، ڕووسیا ئەو سێ وڵاتە تازەڕزگاربووەی ژێر چنگی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بە ئاسانی لووش دەدات.

تێکڕای جیھان چاوی لەسەر ئۆکرانیایە، بەڵام ڕووسەکان پڕن لە ئەجێندای تەمومژاوی، ڕەنگبێت مەرامی مۆسکۆ ھێندە ئۆکرانیای زەلیلکراو نەبێت، ھێندەی دووبارە داگیرکردنەوەی وڵاتانی سەر دەریای بەڵتیق بێت. دوورگەی گۆتلاند تەنھا ٣٤٥ کیلۆمەتر لە کالینیگرادی ڕووسییەوە دوورە. کالینیگراد یەکێکە لە بەھێزترین مۆڵگەی سەربازیی مۆسکۆ و بە چەک و تفاق و ڕۆکێتی ئەتۆمی و ھێزە دەریاییە زەبەلاحەکەی.. سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری دەریای بەڵتیقی تۆقاندووە.
سوید تووشی ھەمان پارادۆکسی جەنگی جیھانیی دووەم ھاتووە، ئەوکات لە ترسی ھیتلەر و سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا خۆی لە ھاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا بەدوور گرتبوو. ئێستاش لە ترسی ڕووسیا نایەوێت ببێت بە ئەندامی هاوپەیمانێتیی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا.
ئایا ئەو بێلایەنییەی سوید، گۆتلاند لە تەماعی ڕووسەکان دەپارێزێت؟ کەس وەڵامەکەی نازانێت، بە تایبەت ئەگەر لایەکی ھاوکێشەکە مۆسکۆ بێت. زۆر جار هاوپەیمانەکانی ڕووسیا بەر لە دوژمنەکانی وتە باوەکەی “ڕووس ئامانی نییە!” دەڵێنەوە. ڕاستییە تاڵەکەش بۆ سویدییەکان ئەوەیە کە مۆسکۆ بۆ بردنەوەی جەنگ و سەپاندنی ھەژموون لە دەریای بەڵتیق و دوورخستنەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە سنوورەکانی، پێوێستیی بە گۆتلاندە.
ساڵی ٢٠١٧ لە ئۆپۆراسیۆنی مەشقی سەربازیی ناسراو بە ئەورۆرا ١٧، هەزاران سەربازی سویدی و ئەمریکی مەشقی چڕوپڕیان کرد لە گۆتلاند و ئامانج لێی زیادکردنی هەماهەنگیی نێوان سوپاکانی ئەمریکا و سوید و ناتۆ بوو بۆ ئامادەکردنی سویدییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی لەناکاوی ڕووسەکان بۆ سەر ئەو دوورگەیە. پێش ئەوەی مانۆرە سەبازییە زەبەلاحەکەی ئەورۆرا ١٧ دەسپێبکات، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ھیچ دوورگەیەک ھێندەی گۆتلاند لە جیھاندا گرنگ و ستراتیجی نییە.
سوید وڵاتێکی بێ نەوت و گازە، خاسییەتە جیۆلۆجییەکەی گونجاو نەبووە بۆ دروستبوون و کۆبوونەوەی ئەو دوو کاڵا ستراتیجییە، تاقە ئومێدێک بۆ بوونی نەوت لەو وڵاتەدا دوورگەی (گۆتلاند)ە.

جارێکیان بە ھاوڕێ سویدییەکەمم گوت، کە پسپۆرێکی بواری وزەیە: سوید زۆر بە کەمی ھەوڵی داوە نەوت لە گۆتلاند بدۆزێتەوە، تا بە وردی یەدەگی نەوتەکەی بخەمڵێنێت.. ئەو بە بێ دوودڵی گوتی: ڕەنگە حکومەت نەیەوێت گۆتلاند پتر بخاتە بەرچاو و تەماعی ڕووسەکان.