
دەنگۆی دەستکردنەوە بە کارکردن لە سەر پرۆژە یاسای نەوت و گاز و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاساکە لە پەرلەمانی عێراقدا، لە ناسکترین و دژوارترین ساتەوەختی ژیانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا دێتە گوێمان.
لە دوای دەرچوونی دەستووری عێڕاق، یاسای نەوت و گاز گرینگترین ڕووداوە لە مێژووی نوێی دەوڵەتی عێراقی پاش ڕژێمی سەدام. گرنگی ئەم یاسایەش لە کایەی ئابووریدا تێدەپەڕێت، وەک سەنگی مەحەک وایە بۆ پابەندبوون یان پابەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە کڕۆکی بوونی قەوارەی هەرێم.
لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە پەرلەمانی عێراق دەرفەتی دروستکردنی پردی پەیوەندی و ساڕێژکردنی برینەکانی دووبەرەکی و پەرەپێدانی ناسنامەی فیدرالی و فرەچەشنیی گەلانی عێڕاقدا هەیە. دەرفەتیشی هەیە کە هەموو چەمکێکی فیدراڵی پێچەوانە بکاتەوە.
تا ئەو کاتەی کورد لە بەغدا بەهێز بوو، یاسای نەوت و گاز چووبووە سووڕی سڕبوون، بە گوتەی کۆندۆلیزا ڕایسی وەزیری پێشووتری ئەمریکا: “بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز، عێڕاقییەکان هەر دەڵێن، ئەم ساڵ نا، ساڵی ئایندە”
ڕاستییەکەی عێراق چاوەڕوانی ماڵێکی کوردی پەرش و بڵاوی دەکرد، لە ئێستاشی باشتر دەستناکەوێت.
بە دڵمان بێت یان نا، سەردەمێکی نوێ لە عێراقدا لە بەردارگا دایە. پەرلەمانی عێراق کە لە چەقی گۆڕانکارییە چارەنووسسازەکەی عێڕاقدا وەستاوە، ئامادەیە یاسای نوێی نەوت و گاز تێپەڕێنێت. نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی هەرێم لە سەر یاسای بودجەی عێڕاق و پەرتەوازەیی کورد و تا ڕادەیەک کاڵبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی، نەبوونی پەرلەمان و دووبەرەکی ناوخۆیی و یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گلەییەکانی شەقامی کوردی، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان دەبێت لە سەر سەرجەم ماددە و بڕگەکان و ڕۆحییەتی یاساکەش.
ڕوونە کە بەغدا بە چەمکی: “تا ئاسن گەرمە بیکوتە”، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە چارەنووسسازەدا دەکات.


