ئەو ئەرمەنییەی تۆڵەی قەتلوعامی نەتەوەکەی کردەوە!
 
لە کاتی مامەڵەکردن، ڕەنگە بتوانی بەردی گرانایت بگوشیت، بەڵام ناتوانی (گوڵبێنکیان) بگوشیت……
هاوڵاتی هیچ شوێنێک، ئەندازیاری گەمەکردن بە هەموو شوێنێک…….
کالۆست گوڵبێنکیان لە ساڵی ١٨٦٩ لە ئەستەنبوڵ لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی کە بەشێک بوون لە چینی نوخبەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هاتە دونیا. لە ژینگەیەکی جەنجاڵی شارە زەبەلاحەکەی قوستەنتینییە گەورە بووە. کالۆستی گەنج زۆرجار لە دوای خوێندن کاتەکانی لە بازاڕدا بەسەر دەبرد، چێژی دەبینی لە ھونەری مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ڕۆژھەڵاتییانە.
خانەوادەکەی بۆ بەھێزکردنی زمانی فەرەنسی ڕەوانەی قوتابخانەیەکی ناوەندی دەکەن لە شاری مارسیلیای فەرەنسی و پاشان دەچێتە کۆلێژی کینگ لە لەندەن، ساڵی ١٨٨٧ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، بڕوانامەی لە ئەندازیاری کانەکان بەدەست دەھێنێت و تێزەکەشی لەسەر تەکنەلۆژیای پیشەسازیی نوێی نەوت نووسیوە. لەوێ پرۆفیسۆرێکی بەریتانی پێشنیار دەکات کە ئەو لاوە ھەڵکەوتووە ئەرمەنییە بچێتەوە فەرەنسا و خوێندنی باڵا لە فیزیا تەواو بکات. کالۆست گوڵبێنکیان ھەستی کرد ئەو جۆرە خوێندنە جگە لە قسەی بێمانای ئەکادیمی، ھیچی دیکەی لێ شین نابێت.
گوڵبێنکیان زنجیرەیەک بابەتی لەسەر نەوتی ڕووسیا نووسی کە زۆر ڕێزیان لێدەگیرا، وتارەکانی لە ساڵی ١٨٨٩ لە گۆڤارێکی بەناوبانگی فەرەنسیدا دەرکەوتن، و دواتر بابەتەکانی کردە کتێبێک کە ناوبانگێکی گەورەی لە جیھاندا دەرکرد وساڵی ١٨٩١ بە چاپ گەیەندرا. کالۆست گوڵبێنکیان لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا وەک شارەزایەکی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا ناوی خۆی چەسپاند...
لە بڕی خوێندنی فیزیا لە پاریس، باوکی کالۆستی نارد بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، خێزانی گۆلبەنکیان بەشی زۆری سەروەتەکەیان لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو. کالۆست سەرسام بوو بە پیشەسازی نەوت کە بۆ یەکەم جار بوو دەیبینی. لەکاتی سەردانی یکێک لە کێڵگەکانی نەوتی نزیک باکۆ، بەھۆی تەقینەوەی چاڵێکی نەوت، نەوت وەک باران بەسەریدا دەبارێت، ئەو لە بڕی ترس و دڵەڕاوکێ، ھەستی بە خۆشی کرد.
سەرەتای کارە بازرگانییەکانی گوڵبێنکیان بریتی بوو لە هاوردەکردنی نەوت وبپێکھاتەکانی لە ڕووسیا و فرۆشتنی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. شارەزایی ئەو لە پیشەسازیی نەوتدا هەر زوو سەرنجی حکومەتی عوسمانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، کە حەزی لە پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی بوو.
کالۆست گوڵبێنکیان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕازیکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەوت لە میزۆپۆتامیا (عێراقی ئێستا). گوڵبێنکیان پەیوەندییەکی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا هەبوو. ئەو حەزی لە دۆزینەوەی نەوت بوو لە ناوچەکەدا و پێی وابوو کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەوت لە میزۆپۆتامیا هەیە. ھەر بۆیە سوڵتانی تورکیا داوای لێکرد بەدواداچوون بۆ ئەگەرەکانی نەوت لە میزۆپۆتامیا بکات.
گوڵبێنکیان ڕاپۆرتێکی فراوانی زانستی ئامادەکرد، پشتی بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەست و هەروەها لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ ئەندازیارانی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا کە لە ناوچەکەدا بوونیان ھەبوو. دەرەئەنجام، کالۆست گوڵبێنکیان ڕایگەیاند کە لە میزۆپۆتامیادا بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەوت هەیە.
لە ساڵی ١٩١١ گوڵبێنکیان لەگەڵ گروپی ڕۆیاڵ هۆڵەندی/شێل، کۆمپانیای نەوتی ئینگلیز-فارس و کۆمپانیای نەوتی نەمسایی کە دواتر بە کۆمپانیای نەوتی عێراقی (IPC) ناسرا، کۆنسۆرتیۆمی پێکهێنا. ڕۆڵی گوڵبێنکیان لە کۆنسۆرتیۆمەکەدا ئەوە بوو کە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا مامەڵە بکات و دانوستاندن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بکات.
یەکەم هەنگاوی گوڵبێنکیان دەستەبەرکردنی پشتیوانی حکومەتی عوسمانی بوو بۆ پڕۆژەی گەڕان بەدوای نەوتدا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عوسمانی بەکارهێنا و قەناعەتی پێکردن کە گەڕان دۆزینەوەی نەوت لە میزۆپۆتامیا سوودی ئابووری زەبەلاح بە ئیمپراتۆریەتەکە دەگەیەنێت. جەختی لەوە کردەوە کە دۆزینەوەی نەوت دەتوانێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوچەکە بگۆڕێت و ھاوچەرخبوون و پێشکەوتن بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بۆ زیاتر ڕازیکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەوت لە میزۆپۆتامیا، گولبێنکیان ڕووپێوییەکی جیۆلۆجی بۆ ناوچەکە ڕێکخست، کە لەلایەن جیۆلۆجی ئەڵمانی، (ویلهێلم ڤۆن پرێسێل)ەوە ئەنجامدرا. ڕووپێوییەکە بۆچوونەکانی گوڵبێنکیان پشتڕاستکردەوە کە توانای بەرزی نەوت لە ناوچەکەدا هەیە و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕازی کرد کە ئیمتیازێک بەو کۆمەڵەیە (کۆنسۆرتیۆمە) بدات بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە میزۆپۆتامیا. گوڵبێنکیان توانی بە ناوی حکومەتی عوسمانیەوە پشکی 5% لەو کۆنسۆرتیۆمە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەمەش نازناوی "مستەر 5%"ی بۆ تا کۆتایی ژیانی بەدەستهێنا.
گوڵبێنکیان بە نوێنەرایەتی حکومەتی عوسمانی بەردەوام بوو لە دانوستان لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان تا سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم، ئەوکات بەهۆی ڕەچەڵەکی ئەرمەنی و نیگەرانییەکانی بۆ سەلامەتی خۆی ناچار بوو بەرەو فەرەنسا هەڵبێت. سەرەڕای شەڕ و ئاژاوە و پێکدادانەکان، گوڵبێنکیان لە پیشەسازی نەوتدا چالاک و کاریگەر مایەوە، دواجار بووە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی بازرگانی نەوت لە سەرتاسەری جیھاندا. تا ساڵی ١٩٥٥ گولبەنکیان وەک دەوڵەمندترین مرۆڤی جیھان کۆچی دوایی کرد لە لێسبۆن پایتەختی پورتوگال.
تۆ بڵێی لە تۆڵەی قەتل و عامی ئەرمەنییەکان نەبێت کە کالۆست گوڵبێنکیان (ھەڵگری ھەر دوو ڕەگەزنامەی ئینگلیزی و ئەمریکی)، ڕۆڵی نەبووبێت و نەبووبێتە ئەندازیاری داماڵینی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە نەوت کە لەسەر پاشماوەی ئێمبراتۆریێەتی ڕووخاوی عوسمانیدا ھاتە ئارا؟ ھەر بەو ھۆکارە نییە سیاسەتمەدارێکی گەورەی تورک دەڵێت، لە کوێ نەوت کۆتایی دێت، لەوێ ھێلکارییان کرد و گوتیان ئێرە سنووری تورکیایە؟
چەند تێبینییەک: بۆ ئەو نووسینە سوودم لە دەیان سەرچاوەی جیاواز وەرگرتووە، کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراون، بەڵام بەستنەوەی، قەتلوعامی ئەرمینیا و ھەڵگەڕانەوەی (کالۆست گوڵبێنکیان)ی ئەرمەنی لە دەوڵەتی عوسمانی و داماڵینی دەوڵەتی تورکیای نوێ لە نەوت، لێکدانەوەی خۆمە، تا ئێستا سەرچاوەیەکی وام دەست نەکەوتووە، کە ئەو لێکدانەوەیە پشتڕاست بکاتەوە.....
ئەگەر لە پەیمانی لۆزان، کەرکووک و موسڵیشیان خستبا سەر دەوڵەتی تورکیا، ئەودەم تورکیا لە چین و ڕوسیا زیاتر دەبوو بە سەریەشە بۆ ڕۆژئاوا....نەوت لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٢٧ دۆزرایەوە و یەکێکە لە کێڵگە سوپەر زەبەلاحەکانی جیھان.…..
ڕەنگە کوردی پەرش و بڵاو و ناکۆک، کە تۆمەتباریش کرابوون بە هاوکاریکردنی تورک لە قەتلوعامی ئەرمەنەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە لۆزان، زەربەی (گوڵبێنکیان)یان بەرکەوتبێت…..