کشانەوەی هەندێک لە کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی وڵاتان، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لە سەر کۆی پرۆسەکانی پیشەسازی نەوت گاز لە هەرێمی کوردستاندا. زیاتر ئەو کۆمپانیایانە دەکشێنەوە کە بەرژەوەندییان هەیە لە ناوچەکانی باشووری عێراق و هەندێک لە پرۆژەکانیان ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر هەڕەشەی حکوومەتی فیدرالی.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئێستا لەبەر پێشبڕکێی توندی هاوتاکانیان لە چین و هیندستان و ڕوسیا و هەندێک وڵاتانی دیکەی ئەوڕوپا، خۆیان لە جیهاندا بە سەختی پرۆژەیان دەستدەکەوێت.
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، پیشەسازی نەوت، پیشەسازییەکی ئەمریکی بوو، توانا و چەمکە تەکنیکییەکان لە ئەمریکاوە پەرەیان دەسەند و دەگوازرانەوە ئەوڕوپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا ئەو پیشەسازییە مۆرکێکی جیهانی پێوەیە نەوەک مۆرکی هیچ وڵاتێک. لە ناو جەرگەی ئەمریکادا، کۆمپانیا ئەوڕوپی و چینی پرۆژە لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەستێنن و جێگایان پێ لەق دەکەن.
کشانەوەی هەندێک کۆمپانیای ئەمریکی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی واشینگتۆن نییە و بڕیارەکان لە ڕوانگەی ئابوورییەوە دەدرێن. بە دەیان جار کۆمپانی ئەمریکی دژی خواستی کۆشکی سپی هەنگاو دەنێن لەبەر هۆکاری ڕوونی ئابووری و پلانی ناوخۆی کۆمپانیاکان.
دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتە پێش بۆ کوردستان، پێش ئەوەی بیر لە خۆماڵیکردنی نەوت بکەینەوە، با توانا ناوخۆییەکانی خۆمان پەرە پێ بدەین، وەک شارەزایەکی بواری نەوت، بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە زانستی نەوت بە هەموو بەشەکانییەوە بریتی نییە لە زانستی ڕۆکێت و هەڵدانی موشەک بەرەو هەسارەکانی دیکە کە بۆ ئێمە خەیاڵ پڵاو بێت. ئەستەمە هونەرێک هەبێت لە ناو پرۆسەکانی نەوت و گاز کە نەتوانین خۆمان بنیاتی نەنێین.
کۆمپانیایەکی نەوتی سویدی بچوک بە ناوی “لوندین”، کە لە وڵاتێکی نانەوتی وەک سوید هەڵتۆقیوە، ساڵی ٢٠١١، لە دەریای باکووری نەرویجیدا، بڕی دوو ملیار بەرمیل نەوتی دۆزییەوە. لە هەمان ئەو شوێنەدا دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی جیهانی بۆ ماوەی چل ساڵ هەوڵیان دا و هیچیان نەدۆزییەوە…
“جەمال عەبدولناسر” هەمیشە دەیگوت وڵات هەر دەبێت بە هێز و بازووی هاووڵاتیانی خۆی بنیات بنرێت. لەو دیو زەریای ئەتلانتیکیشەوە، سەرۆکی پێشوتری بەرازیل “لولا دی سیلڤا” هەزاران جار وتە بەناوبانگەکەی خۆی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت: “هەر شتێک لە بەرازیل بتواندرێت بەدەستبهێندرێت، دەبێت هەر لە بەرازیل پەیدای بکەین".