
کەی کار لە کار دەترازێت؟
ڕاستە کەشوهەوای زەوی بە درێژایی مێژووی خۆی لە گۆڕاندا بووە لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە زەمەنە جیۆلۆجییەکاندا گۆڕانکاری زۆری لە پلەی گەرمیدا بە خۆیەوە بینیوە. ئەم گۆڕانکاریانە لە پلەکانی گەرمیدا لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک هۆکاری سروشتی بوون، لەوانە گۆڕانکاری لە سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا، گۆڕانکاری لە چڕی چالاکییەکانی ناو خۆر، چالاکیی گڕکانەکان و گۆڕانکاری لە چڕیی ئەو گازانەی ناسراون بە گازەکانی گرین هاوس (گرینگترینیان گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسانە).
ڕەوتی ئێستای گەرمبوونی زەوی لە چاو گەرمبوونەوەکانی زۆربەی چاخە جیۆلۆجییە کۆنەکان، خێراترە ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک یەک بە یەک ئاماژەیان پێ دەدەم و هەموو ئەو خاڵانەش، مایەی نیگەرانیی قووڵە لای زانایان:
1. ڕێژەی گۆڕانکارییەکە بێ وێنەیە: ڕێژەی ئێستای گەرمبوونی جیهان لە تۆماری جیۆلۆجیدا بێ وێنەیە. پلەی گەرمی جیهان بە ڕێژەیەکی زۆر خێراتر لە هەر سووڕێکی سروشتی بەرز دەبێتەوە کە لە ٨٠٠ هەزار ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سیستەمی ژیانی مرۆڤ و بەشێکی زۆر لە بوونەوەرەکانی سەر هەسارەی زەوی دروست دەکات.
2. هۆکاری چالاکی مرۆیی: لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕابردوودا بەهۆی هۆکارە سروشتییەکانەوە ڕوویداوە، بەڵام ڕەوتی گەرمبوونی ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە. سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی وەک خەڵوز و نەوت و گاز و دارستانبڕین، چڕیی گازە گەرمکەرەکان لە بەرگەهەوادا زیاد دەکات و دەبێتە هۆی گەرمبوونی جیهان.
3. کاریگەری لەسەر سیستەمی ژیانی بوونەوەرەکان هەر یەک لە ژینگەی خۆی (ئیکۆسیستەمەکان): گۆڕانی خێرای کەشوهەوا دەتوانێت کاریگەری توندی لەسەر ئیکۆسیستەمەکان هەبێت کە توانای خۆگونجاندنیان نییە بە خێرایی پێویست. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی جۆرەکان و لەدەستدانی جۆراوجۆری بوونەوەرەکان، کە لە بەرامبەردا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگا مرۆییەکان هەبێت کە پشت بەم ئیکۆسیستەمانە دەبەستن بۆ خۆراک و سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستەم.
4. کاریگەری ئابووری-کۆمەڵایەتی: کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانە زیادبوونی شەپۆلی گەرما، هەڵکردنی زریانی توند، گۆڕانی شێوازی بارانبارین، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، مەترسییەکی بەرچاو بۆ کۆمەڵگا مرۆییەکان دروست دەکەن. ئەو ڕووداوە سروشتییانە دەتوانن کشتوکاڵ پەک بخەن و فرێکوێنس (ڕێژەی ڕوودان) و چڕی کارەساتە سروشتییەکان بە شێوەیەکی دراماتیکی زیاد بکەن و ببنە هۆی ئاوارەبوونی خەڵک و گۆڕانی دیمۆگرافی و خولقاندنی جەنگ و تەنگەژەی سیاسی و سەربازی، کە هەموو ئەمانە دەتوانن سیستەمی ئابووری جیهان تووشی شڵەژان بکەن و برسیێتی و قات و قڕی پەرە بستێنێت.
5. بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە کەناراوەکان و زۆرێک لە شارە گەورەکانی جیهان لە ناوچە کەنارییەکان هەڵکەوتوون. تەنانەت بەرزبوونەوەیەکی کەمی ئاستی دەریا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەم ناوچانە هەبێت کە ڕێژەی دانیشتوان لەو شارەنە زۆر چڕ و پڕە.
6. گۆڕانکارییە هەمیشەییەکان: هەندێک گۆڕانکاری کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە دروست دەبن، بەو پێوەرەی کە مرۆڤ لە ڕێگایەوە لە کات تێدەگات، گەڕانەوەیان نییە و پێچەوانە نابنەوە. بۆ نموونە لەدەستدانی سەهۆڵبەندانەکانی گرینلاند و جەمسەری باشوور دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بۆ ماوەیەکی بەرچاو. کاتێک ئەم پرۆسانە دەستیان پێکرد، دەتوانن بۆ چەندین سەدە یان زیاتر بەردەوام بن، ئەو کاتە، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکانیش لە بەرگە هەوادا، داد نادات و کار لە کار دەترازێت.


