لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٢دا، بکوژێکی بێدەنگ هاتە سەر لەندەن. بکوژی ئەمجارە هیتلەر نییە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای نازییەکان ساڵانێک بوو، بێدەنگ کرابوون. ئەمجارە لە بڕی بۆمبهاوێژەکانی ئەڵمانیا، تەمێکی ئەستوور، ڕەنگێکی زێڕینی ڕەش، ئەوەندە چڕ بوو کە خۆری تاریک کردبوو. پێنج ڕۆژی سارد، لەندەن لەناو تەپووتۆزێکی خنکێنەردا گیری خواردبوو. لەندەن کە بە “پایتەختی تەم” ناسراوە، تەمێک کە سەرچاوەی ئیلهامی ئەدیب و شاعیرانی ڕۆژئاوا بووە لە نووسینی پەخشان و شعرەکانیاندا، ئەمجارە گۆڕاوە بە گازێکی خنکێنەر، پەیتا پەیتا ڕۆحی لەندەنییەکان دەدروێتەوە. تەمی ئەمجارە کۆکتێلێکی کوشندەیە لە دوکەڵی خەڵوز، تێکەڵ بوو لەگەڵ هەوای ساردی لەندەن.
ڕۆیشتن بەناو شاردا هەستت دەکرد وەک ئەوەی بەناو کارگەی بەرهەمهێنانی پێترۆکیمیاییدا تێدەپەڕیت. مرۆڤ پێشچاوی خۆی نەدەدیت، هۆیەکانی گواستنەوە لە ئاسمان و سەر زەویدا، ئیفلیج بوون.
بە پلەی یەکەم دووەم ئۆکسیدی گۆگرد کە لەگەڵ هەوای وەستاودا تێکەڵ بووە- ترشی سەلفەریکیان دروستکرد، کە خەڵکی لەندەن لەگەڵ هەر هەناسەیەکدا، بە ناچاری، هەڵیاندەمژێت.
نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی مەترسیدا پڕ بوون لە قوربانی، لێقەوماوان لە سەر لێواری مەرگدا بوون ساتێک دەگەیەندرانە لای پزیشکە شۆکبووەکان.
هەندێک ئامار ژمارەی گیانلەدەستدان بە ١٢ هەزار کەس دەخەمڵێنن و بەشێکی زۆریان بەهۆی هەوکردنی سییەکان و سستبوونی دڵەوە گیانیان لەدەستدا.
جگە لە مرۆڤ، ئاژەڵەکان کە بە کۆمەڵ ژەهراوی دەبوون و مردار دەبوونەوە و باڵندەکان لە ئاسمانەوە، بە مردوویی دەکەوتنە خوارەوە.
لەندەن بوو بە شارێکی گەمارۆدراو، نەک لەلایەن داگیرکەرانەوە، بەڵکو بەهۆی هێزی پیشەسازیی ژەهراوی خۆماڵییەوە.
تەم و مژە گەورە کوشندەکەی لەندەن، بوو بە چیرۆکی کتێب و بابەتی توێژینەوەی هەزاران زانا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە سەرتاسەری جیهاندا. بەریتانییەکان لە خەوێکی قووڵدا بەئاگا هاتن و لە ژێر تووڕەیی شەقامدا، پەرلەمان دواجار، یاسای هەوای پاک لە ساڵی ١٩٥٦دا دەرچواند، کە ئامانجی سنووردارکردنی دەرپەڕاندنی توخمە ژەهراوییەکانە بۆ ناو بەرگەهەوا لە پرۆسەکانی پەیوەست بە دابینکردنی وزە و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان.
تەمە گەورەکەی لەندەن وانەیەکە بۆ مرۆڤایەتی
کە دەبێت هاوسەنگیی ناسکی نێوان پێشکەوتنی پیشەسازی و بەرپرسیارێتی ژینگەیی بە ژیری بپارێزرێت. ئێستا شارەکانی کوردستان لەگەڵ پیسبوونی هەوادا دەجەنگن، ڕۆژە تاریکەکانی ساڵی ١٩٥٢ی لەندەن، هۆشداری دەدەن لە باجی کەمتەرخەمی.