
تا دێت، هۆشدارییەکەی زانا مەزنەکەی جیهان (ستێفێن هاوکینگ)، واقعیتر دەردەکەوێت کاتێک گوتی: ئەگەر مرۆڤایەتی بە نیازە نەسلی خۆی بپارێزێت، دەبێت هەسارەی دیکە لە بۆشایی ئاسماندا بدۆزێتەوە.
تیمێکی زانایانی نەخۆشخانەی (پەکین ئەنژێن) لە چین، وردەپلاستیکیان لە دڵی مرۆڤدا دۆزیوەتەوە. ئەم دۆزینەوە ترسناکە کە لەلایەن کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەسەر سروشتی بەربڵاو و وێرانکەری پلاستیک دەکاتەوە کە داهێنانێکی دیکەی کوشندەیە لە لایەن مرۆڤەوە پێشکەش بەو هەسارەیە کراوە.
مایکرۆپلاستیکەکان، پارچە وردەکانی پلاستیکن کە قەبارەیان کەمترە لە 5 ملیمەتر، لە مێژە هۆکاری نیگەرانین لای زانایانی ژینگە، بەزۆری بەهۆی بوونیانەوە لە ئیکۆسیستەمی دەریاییدا. بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی شیبوونەوەی پاشماوەی پلاستیکی گەورەترەوە، ئەم تەنۆلکانە چوونەتە ناو زنجیرە خۆراکییەکان و ئێستا وێرانکارییان بەسەر ژیانی دەریاییدا هێناوە.
مەزەندە دەکرێت کە 51 تریلیۆن پارچە پلاستیک کە کێشیان دەگاتە 236,000 تۆنی مەتری، تەنها لە زەریاکاندا هەبن. لە سیستەمی ڕووبارەکاندا، لە هەردوو کێشوەری ئاسیا و ئەفریکادا، ٩٠٪ سەرجەم ئەو زبڵ و خاشاکانەی دەگوازرێنەوە پلاستیک و وردە پلاستیکن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسێکی ئاسایی دەتوانێت هەفتانە تا ٥ گرام پلاستیک بخوات کە هاوتایە لەگەڵ کێشی کارتێکی بانکی. لە سەرچاوەکانی وەک ئاو و خۆراک و هەوادا، ئەو وردە پلاستیکانە دەچنە ناو لەشی مرۆڤەوە. ئەم تەنۆلکە بچووکانە تەنانەت لە شوێنە دوورەدەستەکانی وەک جەمسەرە بەستووەکانی زەویش دۆزراونەتەوە کە نیشانەی خۆڕاگری وردەپلاستیکەکانن.
ئێستا دوای دۆزینەوە شۆکهێنەرەکەی زانایانی نەخۆشخانەی (پەکین ئەنژێن) لە چین و سەلماندنی دزەکردنی ڕاستەوخۆی ئەم تەنۆلکانە بۆ ناو ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ، ئەو دیمەنانەی کە زانایانی ژینگە پێشتر وێنایان کردبوو، تاریکتر دەبێت.
ئەو ڕاستییەی کە ئەم تەنۆلکە بیانییانە ڕێگەی خۆیان بۆ ناو ئەندامێکی وەها گرنگ دۆزیەوە وەک دڵی مرۆڤ، پرسیارێکی گرینگ لەگەڵ خۆیدا دەورووژێنێت: دەبێت لە ئایندەدا مرۆڤ، ڕووبەڕووی چ کارەساتێکی تەندروستی تۆقێنەری دیکە ببینەوە بە هۆی بێپلانی و کورتبینی و بێسەرووبەریی مرۆڤ؟
ئەگەر ئێستا جەستەمان کۆگای ئەم تەنۆلکە پلاستیکیانە بێت، ئەوە تەنها تەندروستیمان نییە کە مەترسی لەسەرە، بەڵکو تەواوی بوومی مرۆڤ لە سەر زەوی ڕووبەڕوەی ئەگەری لەناوچوون و پەککەوتن دەبێتەوە.
وڵاتانی جیهان زەنگی مەترسی لێدەدەن، لە عێراق و کوردستان، بە گشتی، تا ئێستاش، هەموو زبڵ و خاشاکێک بە یەک چاو سەیر دەکرێن و بەشی شێری پاشماوەکان تێکەڵ بە ئاو و هەوا و خاک دەبنەوە.


