هەرچەندە ملیارەها ئەستێرە و گالاکسی نوێ دەدۆزرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ توخمێکی نوێ لەو گەردوونە زەبەلاح و خەیاڵییەدا دەستنیشان نەکراوە کە مرۆڤ نەیناسێت.
هەر کانزا و خام و بەردێک لە گەردووندا دەدۆزرێتەوە چاوەڕوان ناکرێت توخمێکی نوێیان تێدا بێت بەدەر لەو توخمانەی کە لە خشتەی خولیدا (periodic table) ئاماژەیان پێدراوە. زاناکان لە ڕێگای شیکردنەوەی شەبەنگی ڕووناکی کە لە تەن و هەسارە دوورەدەستەکانەوە دێن، دەتوانن جۆری ئەو توخمانە دیاری بکەن کە لە بۆشایی گەردوونەوە بوونەتە سەرچاوەی ڕووناکییەکان.
یەکگرتنی توخمەکان بە شێوازی جیاواز و پێکهێنانی کانزای جیاواز کە لە سەر هەسارەی زەویدا ئێمە پێی ئاشنا نین، شتێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام توخمی نوێ نا!….
سڵاو لە زانا مێندێلیڤ و سەرجەم ئەو کەڵەپیاوانەی زانست کە لە پشت داهێنانی خشتەی خولیی توخمەکان بوون.