
لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە دیار پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنییەوە دانیشتبووم لە وڵاتی سوید. یەکێک لە میوانەکان “لارس لیۆنبۆرگ” بوو کە ئەو کات سەرۆکی پارتی لیبراڵەکانی سوید بوو. باسەکە هاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە یادمە لارس لیۆنبۆرگ گوتی: “تێناگەم ئێرانێک ساحێبی یەکێک لە زەبەلاحترین یەدەگەکانی گازی سروشتی بێت لە جیهاندا، بۆ دابینکردنی وزە، چاوی بڕیوەتە وزەی ئەتۆمی!” مەبەستی ئەو سایسەتمەدارە سویدییە ئەوە بوو کە ماستی ئەو وزە ئەتۆمییە، موویەکی زەقی تێدایە!
لە دوای کارەساتە ئەتۆمییە شۆکهێنەرەکانی چەرنۆبلی ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٨٦ و فۆکۆشیمای یابان لە ساڵی 2011 ، ئەوڕوپا لە ناخەوە ڕاچەڵەکی. چەندین وڵاتی ئەوڕووپایی لە پێش هەموویانەوە سوید، بەڵێنیان بە گەلەکانیان داوە کە وێستگە ئەتۆمییەکانیان دابخەن و بەدوای بەدیلی سەلامەت بگەڕێن بۆ دابینکردنی وزە، گرینگترین بەدیلیش بێ گومان، تا ئێستا، گازی سروشتییە، کە سروشت، بە تێروتەسەلی، پێشکەشی هەر سێ وڵاتی ڕووسیا و قەتەر و ئێرانی کردووە.
لە کاتی کارەساتی ئەتۆمی چەرنۆبل لە ئۆکرانیادا، باران و هەوای پیسبوو بە مادەی تیشکدەر، گەیشتە ئاسمانی چەندین وڵاتانی ئەوڕووپا.
هەر ڕووداوێک لە هەر وێستگەیەکی ئەتۆمی (بۆ بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەش بێت) لە ئێران ڕوو بدات، سەرجەم وڵاتانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری مەترسی گەورە دەبنەوە.
ئەگەر ژاپۆنی چەقی تەکنەلۆجیا و ژێرخان و سەرچاوەی مرۆیی لەبننەهاتووی پیشەگەریی، دووچاری ڕووداو و کارەسات بووبێتەوە، ئەوا وڵاتێکی وەک ئێران، دە جار زیاتر زەمینەی لەبارە تاوەکوو دووچاری ڕووداو و کارەسات ببێتەوە.
سەرباری ئەگەری ڕووداو و کارەسات، لە بەڵایەکانی دیکەی وێستگە ئەتۆمییەکان، زبڵ و خاشاکی ماددە تیشکدەرەکانە، کە تا ئێستا گەورەترین سەریەشەیە و وڵاتان نازانن چۆن و لە کوێ ئەو پاشماوە ئەتۆمیانە بشارنەوە. پاشماوەکانی ماددە تیشکدەرەکان، نچووکترین بەرکەوتەیان هەبێت لەگەڵ، ئاو، خاک یان مرۆڤ، کارەسات و مەرگەسات مسۆگەرە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەد ڕووەوە پڕە لە کێشە و ناسەقامگیریی، بە دەستی ئەجێندای گوماناویی لۆکاڵیی و جیهانییەوە دەناڵێنێت، بە هیچ حیسابێک، بەرگەی زەبری کارەساتی ئەتۆمی ناگرێت.


