
هێزی لەبننەهاتووی نووسین و ئاخاوتن…..
نووسین دەتوانێت، ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت. ئەگەر تۆ کاریگەرانە پەیامەکان بە دەورووبەری خۆتدا نەگەیەنیت، بیرمەندیش بیت، هەر سادە دەردەکەویت. توانای تێگەیشتنت بۆ جیهان پەیوەستە بە توانای تۆ کە چۆن دەتوانی باسی جیهان بۆ دەورووبەرەکەت بکەی…..
بۆ دەرخستنی هێزی نووسین، (نیچە)ی گەورە فەیلەسووفی ئەڵمانی دەڵێت: “تەنها پێویستم بە پارچە کاغەزێکە و شتێکیش کە پێی بنووسم، جا دەتوانم جیهان ئاوەژوو بکەمەوە”.
لە سەرووبەندی داگیرکردنی کوەیتدا، سەدام بە هەزاران هاوڵاتیی بیانی بە بارمتە گرت و گەڕانەوەی لێیان قەدەغە کرد بۆ وڵاتانی خۆیان. سەدام بەو هیوایە بوو کە مانەوەی بیانییەکان لە بەغدادا، عێڕاق لە هێرشی ئاسمانی وڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا، بپارێزێت. نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی، دار و بەرد هاتنە تکا لە سەدام، ئەو ڕازی نەبوو کە ئەو بارمتانە ئازاد بکات. لە سەرەتای ماگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٠، لە پڕ، سەدام بڕیاری دا کە، دەستبەجێ، سەرجەم بارمتەکان، ئازاد بکرێن. کەس نەیدەزانی هۆکاری ڕاسستەقینەی ئەو گۆڕانە کتووپڕە لە هەڵوێستی سەدام چی بوو؟ چاودێرێکی سیاسی ئەو دەم سەیرترین هۆکاری بۆ بڕیارەکەی سەدام خستە ڕوو. چاودێرەکە ڕوونی کردەوە کە هۆکاری سەرەکی ئەو بڕیارەی سەدام، وتاری ڕۆژنامەنووسێکی بیانی بووە. ڕۆژنامەنووسە بیانییەکە نووسیبووی: ‘’سەددام حوسێن لە پشت ژن و منداڵاندا خۆی شاردۆتەوە”
ڕۆژنامەنووسە بیانییەکە هێندە ژیر بووە، زانیویەتی “سەدامی عەقڵ شەرقی و پیاوسالار” بە تۆمەتبارکردنی بەوەی خۆی لە پشت ژن و منداڵدا شاردۆتەوە، دەفع دەبێت!
من لەو دەمەوە دەزانم کە ناونیشانی نووسین و سەردێری وتارەکان، دەتوانن نیمچە موعجیزە بخوولقێنن.
جۆن کێنێدی، سی و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا لە بەرلینی ڕۆژئاوا لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٦٣دا گوتی
“من خەڵکی بەرلینم”
ئەو دەستەواژەیە بوو بە وەرچەرخانێکی مەزن لە سەردەمی جەنگی سارددا. ئاماژەیەکی ستراتیجی بوو بۆ هاودەنگی لەگەڵ هاوڵاتیانی بەرلین و دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت. لێدوانەکەی کێنێدی هەرچەندە ئاماژەیەک بوو بۆ پشتیوانی سەرۆکێکی ئەمریکا لە هاوڵاتییانی بەرلینی ڕۆژئاوا، کە لە ناوچەیەکی قووڵایی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتدا دەژیان و بە بلۆکی وڵاتانی پەیمانی وارشۆ و کۆمۆنیستەکان دەورە درا بوون، بەڵام ئەو لێدوانە وەک بوومەلەرزە گڕ و تینی بەخشییە سەرجەم وڵاتانی دژ بە یەکێتی سۆڤییەت. بۆ ڕۆژی دواتر، لە سەرتاسەی گۆی زەویدا، هەزاران ڕۆژنامە، بە مانشێتی گەورە، نووسیبوویان: “من خەڵکی بەرلینم”.
لە سەردەمی ئێستاماندا، خوێندنەوەی وتاری سیاسی و گفتوگۆی بەشێک لە سیاسەتمەداران، کەمترین خوێنەر و بیسەریان هەیە. بەشێکی زۆر لە مانشێتەکانی نووسین لە کوردستاندا، لە بری ڕاکێشانی سەرنجمان، خەواڵوومان دەکەن….


