سيناريۆكانى دواى داڕمانى مێژوويى نرخى نه‌وت و چاره‌نووسى هه‌رێمى كوردستان...
له بازاڕى نه‌وت چى ڕووده‌دات؟
له به‌روارى (18/8/2019) بابه‌تێكمان بڵاوكرده‌وه بە ناونیشانی ((قەیرانێکی ئابووری جیهانی لە ساڵی نوێ (2020) پێشوازیمان لێ دەکات!)). ئه‌و پێشبينييه له خۆڕا نه‌بوو،
به‌ڵكو خوێندنه‌وه بوو بۆ چه‌ند پێنوێنێكى ئابوورى، بۆ نموونه: پێچەوانە بوونەوەی یەکێک لە پێنوێنە سەرەکییەکانی بازاڕ ئاماژەیەکی خراپی سەرەتای قەیرانی ئابوورییە. لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوو حەوت جار ئەو پێنوێنە لە ئەمریکا پێچەوانە بۆتەوە و هەر حەوت جار داکشانی ئابووری بەدوای خۆیداهێناوە!
پێنوێنی چەماوەی داهاتی قەواڵەی حکومی ئەمریکی له ساڵى ڕابردوو پێچەوانە بوويه‌وه، ئەوەش مانای وایە سووی ساڵانە کە هەڵگری قەواڵەی حکومی کورت خایەن دەستی دەکەوێت زیاترە لە سووی ساڵانە کە هەڵگری قەواڵەی حکومی درێژ خایەن دەستی دەکەوێت! ئەوەش مانای تێکچوونی هاوسەنگی سروشتی وەبەرهێنانە چونکە وەبەرهێنەرەکان بە ئامانجی دەستکەوتنی داهاتی زیاتر پارەکەیان بۆ ماوەیەکی زیاتر دەخەوێنن و قەواڵەی حکومی درێژخایەن دەکڕن. لە دوای ساڵی (2007)یەکەم جارە ئەم پێنوێنە پێچەوانە ببێتەوە، هەمان شت لە قەواڵە حکوميیەکانی بەریتانیاش ڕویداوە.
ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ جەنگی بازرگانی ئەمریکی چینی و ناسەقامگیری لە هۆنگ کۆنگ و کەمبوونەوەی خواستی چین لەسەر بەرهەمی پیشەسازی ئەڵمانی و کەمبوونەوەی بەرهەمی نەتەوەیی بەریتانیا بەهۆی چوونەدەرەوەی لە یەکێتی ئەوڕوپا.
ترەمپ داوای دابەزاندنی بەپەلەی نرخی سووى لە بانکی ناوەندی ئەمریکا كرد بەڵام کات به‌سه‌ر چوو بوو بۆ چارەسەر. بۆيه لەسه‌ره‌تاى مانگى هه‌شتى ساڵى ڕابردوو (2019) بازاڕەکانى پشکی جیهانی (1.9)تریلۆن دۆلار زیانى بەرکەوت. به‌م جۆره سه‌ره‌تاى داكشان (قه‌يرانى ئابوورى) ده‌ستى پێكرد.
ئازارى كۆنه برين
له‌ساڵى (2008) قه‌يرانى دارايى ئه‌مريكا كه به‌هۆى داڕمانى كه‌رتى عه‌قارات سه‌رى هه‌ڵدا وه‌ك په‌تا له ئه‌مريكاوه به‌ره‌و ئابوورى جيهان بڵاوبوويه‌وه، به‌هۆى ئه‌و قه‌يرانه‌وه گه‌شه‌ى ئابوورى لە سەرتاسەری جيهان پاشه كشه‌ى كرد، له‌ده‌ره‌نجام خواست له‌سه‌ر نه‌وت له بەندەر و بازاڕەکان كه‌مى كرد و نرخى نه‌وتيش ڕووی لە لێژی کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى وڵاتانى به‌رهه‌مهێنى نه‌وت وڵاتى دواكه‌وتوون و بوودجه‌ى ساڵانه‌يان به‌شى هه‌ره‌گه‌وره‌ى پشت به نه‌وت ده‌به‌ستێت، به‌هۆى دابه‌زينى نرخى نه‌وت ناچار بوون بڕى به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى نه‌وت زياد بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ى كورتهێنان له بوودجه‌ى ساڵانه‌يان، ئه‌وه‌ش واى كرد خستنه‌ڕووى نه‌وت له بازاڕى جيهانى زياتر بێت به‌راورد به خواست له‌سه‌رى. به‌م جۆره وڵاته نه‌وتييه‌كان كه‌وتنه چاڵى نرخ و بڕ!! واته هه‌رچه‌ند نرخ دابه‌زێت ده‌بێت بڕى به‌رهه‌ميان زياد بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ى كورتهێنان، هه‌رچه‌ند بڕى به‌رهه‌ميش زياد كه‌ن نرخ زياتر داده‌به‌زێت!
به‌م شێوه‌يه ئابوورى جيهان به‌كۆڵێك قه‌يرانه‌وه پێى نايه ساڵى نوێ، ڤايرۆسى كۆڕۆناش سوپرايزى هه‌بوو بۆ هه‌مووان و خۆى كرد به شانۆى جيهان و وه‌ك ئاوى به‌لێزمه له هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ر درزه‌كان هاته ژووره‌وه و په‌رده‌ى له‌سه‌ر هه‌موو كه‌م و كورتييه‌كانى ئابوورى و سيسته‌مى ناکامڵی جيهانى هه‌ڵماڵى! بڵاو بوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆڕۆنا (كۆڤيد-19) بووه هۆى دابه‌زينى خێراى خواست له‌سه‌ر نه‌وت به جۆرێك ئه‌مباره‌كانى نه‌وت له جيهان نزيك بوونه‌وه له پڕ بوون.
به‌ردێك نه‌زان بيخاته ناو ئاو، به سه‌د زانا ده‌رنايه‌ت!
له‌و كاته‌ى بازاڕى جيهانى نه‌وت به‌ده‌ست زۆرى به‌رهه‌م و نرمى نرخه‌وه ده‌يناڵاند، ڤايرۆسى كۆڕۆناش به‌ره‌و به په‌تا بوون ده‌چوو، كۆبوونه‌وه‌ى ڕێكخراوى ئۆپيك پڵه‌س له ڕۆژى شه‌شى مانگى ڕابردوو (مانگى مارس) تايبه‌ت به كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى به‌رهه‌م ئه‌نجامدرا، ڕاپۆرتيكى پێگه‌ى ميدل ئيست ئاى به‌ريتانى ئاماژه‌ى به ئه‌وه ده‌كات كه پێش كوبوونه‌وه‌كه په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى زۆر گرژ له نێوان (محمد بن سه‌لمان) شازاده‌ى جێنشينى سعودى و (ڤلادمێر پۆتين) ى سه‌رۆكى ڕوسيا ئه‌نجامدرا، له په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه (بن سه‌لمان) زۆر دوژمنانه هێرشى كرده سه‌ر (پۆتين) و هه‌ڕه‌شه‌ى كرد به ده‌ستپێكرنى جه‌نگى نرخه‌كان ئه‌گه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه نه‌گه‌نه ڕێككه‌وتن، (پۆتين)يش له وه‌ڵامدا به ده‌نگى به‌رز هه‌ڕه‌شه‌كانى (بن سه‌لمان)ى ڕه‌تكرده‌وه و په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه زۆر به‌خراپى كۆتايى هات و ڕيسى چه‌ندين مانگى گفتوگۆى هێمنانه‌يان كرده‌وه به خورى! ئه‌وه‌ى شايه‌نى ئاماژه پێكردنه گرژى نێوان سعوديه و ڕوسيا چه‌ندين هۆكارى هه‌يه، نيگه‌رانى سعوديه له ڕوسيا به‌هۆى سياسه‌تى ڕوسيايه له سوريا و پاڵپشتى له ئێران ..هتد. به‌ڵام نيگه‌رانييه‌كانى (بن سه‌لمان)زياتر بوو دواى ئه‌وه‌ى (پۆتين)هێرشى مووشه‌كی گروپه شيعييه‌كانى سه‌ر ئارامكۆى قۆزته‌وه، مۆسکۆش چاڵاکانە خەریکی ڕاکێشانی کڕیارە هەمیشەییەکانی سعودیه بوو، ئەم هەڵوێستە (بن سه‌لمان) ی بریندار کرد. نيگه‌رانى ڕوسياش له سعوديه ئەوەیە کە مۆسکۆ، سعودیه وەک ئامرازی دەستی واشنتۆن دەبینێت و ڕیاز بۆته ڕێگر لە بەردەم سیاسەتی هەرزانکردنی نه‌وت، کە سەرۆک پوتین لەو باوەڕەیە نەوتی هەرزان لە بازاڕەکانی جیهان مەرگی پیشەسازی نەوتی بەردی لیتەیی ئەمریکی لێدەکەوێتەوە.کۆمپانیاکانی بەردی لیتەیی هەڕەشەن بۆ مۆسکۆ و پرۆژەی هاوبەشبوونی ستراتيجی ئەوڕوپا و ڕوسیا. بە کورتی ڕوسیا دەیەوێت لە ڕێگای پرۆژەی زەبەلاحی نۆردستريم 2(Nord Stream 2) وزە لە ڕێگای دەریاوە بگەیەنێته ئەوڕوپا، ئەمەریکاش دەیەوێت دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزه‌ى خۆی، نەوت و گازی زیادەی کۆمپانیاکانی بەردی لیتەیی، بە ئەوڕوپا بفرۆشێت. بە کورتی، دۆناڵد ترامپ دەیوێت هەم هەژموونی ڕووسیا بەسەر ئەوڕووپا سنووردار بکات، هەمیش ئەوڕووپییەکان کڕیاری وزەی ئەمریکی بن نەک ڕووسی.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه ڕوسيا و سعوديه بڕى زياترى نه‌وتيان خسته بەندەرەکان و بازاڕى نه‌وتيان نغرۆكرد و نرخى فه‌رميان دابه‌زاند وه‌ك ڕكابه‌رييه‌ك بۆ يه‌كتر ئه‌وه‌ى پێ ى ده‌وترێت (جه‌نگى نرخه‌كان). له‌ده‌ره‌نجام نرخى نه‌وت داڕما له بازاڕى جيهانى به جۆرێك کە ئیدی مه‌حاڵه كۆمپانياكانى نه‌وتى ليته‌يى بتوانن كار بكه‌ن. ئه‌وه‌ش ئامانجى جه‌نگى نرخه‌كان بوو كه ڕوسيا هه‌ڵيگيرساند بۆ مايه پووچكردنى كۆمپانياكانى نه‌وتى ليته‌يى ئه‌مريكى!
ڕۆژى دووشه‌ممه‌ى ڕه‌ش (20/4/2020)، وه‌ك ئه‌وه‌ى هۆكاره‌كانى ڕاگه‌ياندن ناويان لێنا، نرخى نه‌وتى خامى ئه‌مريكى بۆ گرێبه‌ستى دواخراو بۆ مانگى پێنج بووه سالب(-37)! گرێبه‌ستى دواخراو بۆ فرۆشتنى نه‌وت بۆ يه‌كه‌مجار له بۆرسه‌ى نيۆيۆرك ئه‌نجامدرا له ساڵى (1983)، ئه‌مه‌ش يه‌كه‌مجاره له مێژووى ئه‌و بازاڕه نرخى گرێبه‌سته دواخراوه‌كان به‌م شێوه‌يه دابڕمێت.
گرێبه‌ستى دواخراوى نه‌وت، واته ئه‌نجامدانى گرێبه‌ست بۆ كڕين و فرۆشتنى نه‌وت له ئێستادا به‌ڵام ڕاده‌ستكردنى نه‌وت له داهاتوو، له به‌روارێكى دياريكراو، بۆ نموونه دوو مانگ يان سێ مانگى داهاتوو.
(أرتام أبرامۆڤ)سه‌رۆكى توێژينه‌وه‌كانى نه‌وتى ليته‌يى له (Rystad Energy) ده‌ڵێت: دابه‌زينى نرخى نه‌وت بۆ (30)دۆلار زۆر خراپه، به‌ڵام به‌گه‌يشتنى به (20)دۆلار كاره‌سات ڕووده‌دا.
له كاتى ئاساييدا كۆمپانياكانى نه‌وت قه‌رزێكى زۆر ده‌كه‌ن، كاتێك ڕووبه‌ڕووى قه‌يرانێكى له‌و جۆره ده‌بنه‌وه به‌شێكيان ناتوانن به‌رگه‌ى بگرن و ده‌ربازيان نابێت له قه‌يرانه‌كه. به‌پێ ى پێشبينى كۆمپانياى (Rystad Energy) ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت له سنورى (20) دۆلار بۆ يه‌ك به‌رميل بمێنێته‌وه ئه‌وا (533) كۆمپانياى نه‌وتى ليته‌يى له ئه‌مريكا له كۆتايى ساڵى (2021) مايه پووچبوونى خۆيان ڕاده‌گه‌يه‌نن. ئه‌گه‌ر نرخه‌كه له سنوورى (10)دۆلار بێت ئه‌وا ژماره‌ى كۆمپانيا نه‌وتييه‌كان كه مايه پووچبوونيان ڕاده‌گه‌يه‌نن ده‌گاته (1100) كۆمپانيا!. ئێستا بە هەزاران کۆمپانیای نەوتی لیتەیی پەڕاویان پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵی کردووە و داوای قه‌رزی زەبەلاح دەکەن بەر لەوەی مایەپووچی خۆیان ڕابگەیەنن.
ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه داڕمانى نرخى نه‌وت له كاتێكدا ڕويدا كه هه‌ردوو وڵاتى ڕوسيا و سعوديه له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكى ئه‌مريكا دۆناڵد تڕه‌مپ ڕ‌ازى بوون به ڕاگرتنى جه‌نگى نرخه‌كان و له چوارچێوه‌ى ڕێكخراوى (ئۆپيك +) گه‌يشتنه ڕێككه‌وتن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خستنه‌ڕووى نه‌وت به بڕێكى پێوانه‌يى كه (9,7)مليۆن به‌رميله له ڕۆژێكدا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نرخى نه‌وت به‌رده‌وامبوو له داڕمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه له‌سه‌ره‌تاى مانگى پێنج ده‌ستپێده‌كات. له كاتێكدا خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌بازاڕ به‌ته‌واوى پاشه‌كشه‌ى كرد. سەرباری ئیفلیجبوونی گەشتەکانی فڕۆکەوانی، دەریایی، وەستانی جووڵەی ملیارێک ئۆتۆمبێل، نەمانی متمانەش بە ئابووری جیهان و چوونە ژوورەوی میللەتان بۆ ناو تونێلی تاریکی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، نەوت و پیشەسازییەکەیان تووشی هەرەسهێنانێکی مەترسیدار کرد.
هيواى پيشه‌سازى نه‌وت ئه‌وه‌يه كه دابه‌زينى نرخى نه‌وت له گرێبه‌ستى دواخراو بۆ ژێر سفر ته‌نها به ڕێككه‌وت بوو بێت به هۆى درێژكردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته دواخراوه‌كان. ئه‌م دابه‌زينه زۆره‌ش به هۆى مه‌ترسي بوو له نه‌مانى كۆگا بۆ عه‌مباركردنى نه‌وتى فرۆشراو كه پێويسته ڕاده‌ست بكرێت له مانگى پێنجى داهاتوو. به‌ڵام نرخى نه‌وت له گرێبه‌سته‌كانى مانگى شه‌ش (حوزه‌يران) ته‌نها به ڕێژه‌ى (10%) دابه‌زى بۆ (22)دۆلار بۆ هه‌ر به‌رميلێك. نه‌وتى خامى برێنتيش، كه پێوه‌رێكى جيهانييه بۆ دياريكردنى نرخى نه‌وت، ته‌نها (5%)دابه‌زى بۆ (26,50)دۆلار بۆ هه‌ربه‌رميلێك.
ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت به خێرايى ببوژێته‌وه ئه‌وا ژماره‌يه‌كى باشى كۆمپانياكان ده‌ربازيان ده‌بێت له مايه پووچبوون. ئێستا يارى پێشبينىكردن ده‌ستى پێكردووه كه كام كۆمپانياى نه‌وت پێش هه‌موو كۆمپانياكان مايه پووچ ده‌بن، بێگومان ئه‌و كۆمپانيايانه‌ى كه قه‌زر له‌سه‌ريان كه‌ڵه‌كه بووه پێش هه‌موويان مايه پووچ ده‌بن، چونكه له‌و دۆخه ته‌نانه‌ت ناتوانن سووى زياده‌ى سه‌ر قه‌رزه‌كانيشيان بده‌ن.
پاره بده به كڕيار تاكو نه‌وته‌كه‌ت له‌كۆڵ كاته‌وه!
شتێكى ئاسايى نييه فرۆشيار پاره بداته كڕيار تاكو كاڵاكه‌ى ببات، به‌ڵام له هه‌ندێك دۆخى نائاسايى هه‌ندێك فرۆشيار ناچارن وا بكه‌ن. بازاڕى نه‌وت زه‌برێكى كوشنده‌ى بێ وێنه‌ى به‌ركه‌وت كه بووه هۆى دابه‌زينى نرخى نه‌وت بۆ گرێبه‌ستى داهاتووى نه‌وتى خامى ڕۆژئاواى تكساس بۆ (37,36) له ژێر سفر بۆ هه‌ر به‌رميلێك نه‌وت! ئه‌و پێشهاته گرنگه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داڕمانى خواست له‌سه‌ر نه‌وت، به هۆى داخستن له‌ده‌ره‌نجامى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كڕۆنا. سه‌ره‌ڕاى جه‌نگى نرخه‌كان له نێوان گه‌وره‌ترين به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وت له جيهان و نغرۆكردنى بازاڕه‌كان به به‌رهه‌مى نه‌وت، ئه‌وه‌ش بووه هۆى سه‌رڕێژ بوونى عه‌مباره‌كانى نه‌وت له جيهان.
بۆچى پاره بده‌م تاكو نه‌وتم ببه‌ى؟
دامه‌زراوه‌ى بلومبێرگى ئه‌مريكى ده‌ڵێت: سه‌باره‌ت به هه‌ندێك به‌رهه‌مهێن ڕه‌نگه ئه‌و كاره كه‌مترين تێچوونى هه‌بێت له ماوه‌ى درێژ به‌راورد به ڕاگرتنى به‌رهه‌م، يان گه‌ڕان بۆ په‌يداكردنى شوێن بۆ عه‌مباركردنى نه‌وتى ده‌رهێنراو. هه‌ندێك به‌رهه‌مهێن ده‌ترسن داخستنى بيره‌كانيان ببێته هۆى وێرانبوونى بيره‌كان بۆ ماوەیەکی درێژ. هه‌ندێك هۆکاری تەکنیکی و ئەندازیاری مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری ناو کانەکانی نەوت، ڕێگرن لەوەی بە ئارەزووی خۆت کەی بتەوێت کێڵگەیەکی نەوت دابەخەیت و هەر کاتێکیش بتەوێت دەستبکەیتەوە بە بەرهەمهێنان.
بازرگان هه‌ن نايانه‌وێت نه‌وته‌كانيان ڕاده‌ست بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه گرێبه‌ستى دواخراو ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ قازانجكردن له جوڵه‌ى نرخه‌كان، به‌ڵام هه‌موو كات نرخه‌كان به‌رز نابنه‌وه به‌ڵكو گيرۆده‌ى دابه‌زينى نرخ ده‌بن، له‌و حاڵه‌ته‌ش دوو ڕێگايان له‌به‌رده‌مه يان په‌يداكردنى شوێن بۆ هه‌ڵگرتنى يان فرۆشتنى به زه‌ره‌ر. كاتێك خستنه‌ڕووى نه‌وت زۆر ده‌بێت عه‌مباره‌كانيش ده‌گمه‌ن ده‌بن و تێچوونى هه‌ڵگرتنى نه‌وت له‌و عه‌مبارانه به‌رز ده‌بنه‌وه.
چاره‌نووسى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان
ده‌رامه‌ته ئابوورييه‌كان دياريكه‌رى سه‌ره‌كى سروشتى چاڵاكييه ئابوورييه باوه‌كانى وڵاتن، ئه‌و وڵاتانه‌ى كه به‌ته‌نها يه‌ك جۆر ده‌رامه‌تى سروشتييان هه‌يه و به‌ته‌واوى پشتى پێده‌به‌ستن وه‌ك زۆربه‌ى وڵاته نه‌وتييه‌كان، به‌تايبه‌تى عه‌ره‌بييه‌كان، عێراقيش يه‌كێكه له‌و وڵاتانه به‌هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه، پێيان ده‌وترێت وڵاته ڕه‌يعييه‌كان، ئابوورى ئه‌و وڵاتانه ته‌نها پشت به ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنى نه‌وت ده‌به‌ستێ به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌وڵ بده‌ن جێگره‌وه‌ى بۆ بدۆزنه‌وه و سێكته‌ره‌كانى دیکەی ئابووريش كارا بكه‌ن و بيكه‌نه سه‌رچاوه‌ى داهات.
لە زاراوە نوێیەكانی جیۆپۆلیتیكدا ئەو وڵاتانەی كە تەنیا پارەی نەوت و گاز بڕبڕەی پشتی ئابوورییان پێكدەهێنێت، پێیان دەگوترێت پێترۆستەیت ( petrostate). ئەم وڵاتانە، سەرەڕای هەبوونی كێشەی دیموكراسی و نەبوونی دامەزراوەكان و پێگە گرنگەكانی دیكەی دەوڵەت، ئابوورییەكانیان دەبنە بارمتەی نرخی ناسەقامگیری نەوت و گاز و كێشە سیاسییە قووڵە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان. ناشبێت دەوڵەت لەسەر ئەوە بنیات بنرێت، ئەگەر رۆژێك ئەڵتەرناتیڤی نەوت و گاز هاتە كایەوە، سیستەمی ئابووریی وڵات دووچاری شكست ببێتەوە.
عێڕاق و هه‌رێمى كوردستانيش (90-95%)ى داهاتى نه‌ته‌وه‌ييان پشت به فرۆشى نه‌وت ده‌به‌ستێ و سێكته‌ره‌كانى تر‌ى ئابوورى به‌ته‌واوى پشت گوێ خراون، ئه‌وه‌ش كاريگه‌رى نه‌رێنى زۆرى دروستكردووه، چونكه بوودجه‌ى گشتى وڵات له‌سه‌ر بنچينه‌ى داهاتى نه‌وتى داده‌ڕێژرێت، ئه‌ويش پشت ده‌به‌ستێت به نرخى نه‌وت له بازاڕى جيهانى، نرخى نه‌وتيش زۆر هه‌ستياره به گۆڕانكارييه سياسييه هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، وه زۆر جار نرخى نه‌وت وه‌ك كارت و فشارى سياسى له لايه‌ن وڵاته زلهێزه‌كان، به‌تايبه‌تى وڵاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا، دژى نه‌ياره‌كانيان به‌كاردێنن، نرخى نه‌وت به پله يه‌ك له دواى ساڵى (1973) به‌دواوه به‌ده‌ست كڕياره‌كانه‌وه‌يه نه‌وه‌ك فرۆشياره‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه ئابووريمان هه‌ميشه ناسه‌قامگيره و ناتوانين پلانى درێژخايه‌ن دابڕێژين.
وڵاته نه‌وتييه‌كان به‌شێوه‌يه‌كى گشتى به ده‌ست گرفتێكه‌وه ده‌ناڵێنن كه ده‌توانين ناوى بنێين نه‌فره‌تى ده‌وڵه‌تى نه‌وتى! له سه‌د ساڵى ڕابردوو وڵاتانى جيهان ئه‌زموونى جۆراوجۆريان به‌خۆيانه‌وه ديتووه، هه‌ندێكيان تا سه‌ر ئێسقان شكست خواردوو بوونه و هه‌ندێكيان شايه‌نى ئاماژه‌ن، پێويسته هه‌رێمى كوردستان سوود له ئه‌زموونى هه‌موويان وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونه شكست خواردووه‌كان دووباره نه‌كه‌ينه‌وه و سوود له ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كان وه‌ربگرين.
نەرویج لە باكووری ئەوروپا، كه وڵاتێكى نوێ يه له پيشه‌سازى نه‌وت به به‌راورد به ڵاتانى تر، سوودێكی گەورەیان لە ئەزموونی تاڵی هۆڵەندا بینی، له ساڵى (1990) سندوقێكیان بۆ داهاتەكانی نەوت و گاز له‌سه‌ر پێشنيارى (فاروق القاسم)دامەزراند، كه شاره‌زايه‌كى عێڕاقى بوارى نه‌وت و وزه‌ى بوو، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو داهاته نه‌وتييه‌كانى تێدا پاشه‌كه‌وت بكرێت و زياتر له (4%) ئه‌م پاره‌يه ڕاناكێشرێته‌وه، ته‌نها له‌كاتى پێويست نه‌بێت، يه‌ده‌گى ئه‌و سندوقه گه‌يشتۆته زياتر له يه‌ك تريلۆن دۆلارله كاتێكدا يه‌ده‌گى نه‌وتى نه‌رويج كه‌متره له (8) مليار به‌رميل، پاره‌ى ئه‌م سندوقه ته‌نها له سەرمایەگوزاری خەرج دەكرێت و پڕۆژە ستراتیجییەكانی دەوڵەتی پێ جێبەجێ دەكرێت. بەمەش نەرویج خۆی پاراست لە نەخۆشیی كوشندەی هۆڵەندی و سەرجەم سێكتەرە جیاجیاكانی كشتوكاڵی، خزمەتگوزاری، پیشەسازی و گەشتوگوزاری شانبەشانی یەكتری لە گەشەی بەردەوامدان.
ڕۆڵى نه‌وت له ئابوورى كوردستان
ئه‌گه‌ر نه‌وت به‌ته‌نها وه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهات بمێنێته‌وه ئه‌وا داهاتوومان دەکەوێتە ژێر مەترسییەکی ڕاستەقینە. باش‌ترين سينارۆ كه هيواى بۆ بخوازين و بيكه‌ينه ئامانج ئه‌زموونى نه‌رويجييه‌كانه. واته داهاتى نه‌وت و گازى كوردستان دەبێت پاڵپشتی ستراتیجی بودجه بێت و ته‌نها له بونيادنانى ژێرخانى ئابوورى خه‌رج بكه‌ين و پڕۆژه‌ى ستراتيجى پێدابمه‌زرێنين و تێكه‌ڵى داهاتى گشتى نه‌كه‌ين، ته‌نها له‌كاتى زۆر پێويست نه‌بێت، بكرێته فاكتەری سەقامگیری و دڵنەوایی ئێستا و ئایندەی نەوەكانیشمان پڕشەنگ و مسۆگەر بكات. لێره پرسيارێكى ڕه‌وا دروست ده‌بێت پرسياره‌كه‌ش ئه‌وه‌يه هه‌رێمى كوردستان (90%)ى داهاتى گشتى له نه‌وته‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر داهاته نه‌وتييه‌كانى جيابكاته‌وه و تێكه‌ڵى داهاتى گشتى نه‌كات ئه‌ى چۆن كاره‌كانى ببات به‌ڕێوه؟!
لەوەڵامدا ده‌ڵێين داهاتى نه‌وت پێويسته وه‌ك قه‌رز سه‌ير بكرێت، چونكه قه‌رز دوو جۆرى هه‌يه يان قه‌رز وه‌رده‌گيرێت به‌مه‌به‌ستى به‌كار بردن يان به‌مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنان، ئه‌و وڵاتانه‌ى قه‌رز وه‌رده‌گرن به‌مه‌به‌ستى به‌كاربردن ئه‌وا قه‌رزه‌كان له‌سه‌ريان كه‌ڵه‌كه ده‌بێت سه‌ڕه‌ڕاى سووى سه‌ر قه‌رزه‌كانيش، وه ئابوورييه‌كه‌يان به‌ره‌و لاوازى بێ متمانه‌يى ده‌چێت، خاوه‌ن قه‌رزه‌كان فشار ده‌كه‌ن قه‌رزه‌كانيان وه‌ربگرنه‌وه به سووه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانييه‌وه، هيچ وڵات و لايه‌نێكى تر متمانه‌ى پێيان نامێنێت قه‌رزى نوێيان پێبدات، وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له‌و وڵاته پاشه‌كشه دەکەن و پاره‌كانيان ده‌گوازنه‌وه وڵاتێكى سه‌قامگيرتر..هتد. به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ى قه‌رز وه‌رده‌گرن به‌مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنان ئه‌وا ده‌رفه‌تى نوێ ى كار دروست ده‌كه‌ن و سه‌رمايه كه‌ڵه‌كه ده‌كه‌ن و گه‌شه‌ى ئابوورى دروست ده‌كه‌ن و خاوه‌ن قه‌رزه‌كانيش سوودمه‌ند ده‌بن له ڕێگاى سووى سه‌ر قه‌رزه‌كان، دواتر قه‌رزه‌كانيش ده‌ده‌نه‌وه و ڕه‌نگه دواتر خۆيان قه‌رز به‌خه‌ڵك بده‌ن.
ئابوورى هەرێمى كوردستان بەدەست دواكەوتوویی كەرتە سەرەكییەكانى دەناڵێنێ، وەك كەرتى پیشەسازى و كشتو‌كاڵى، سەرەڕاى لاوازى ژێرخانى ئابوورى و ناهاوسەنگى بەرهەم هێنان و ڕێژەى بەرزى بێكارى، لە كاتێكدا هەرێم هێزێكى كارى گەورە و سەرمایەى ماددى ومرۆیی زۆرى هەیە، بەڵام پێویستى بە تەكنیكێكى نوێ هەیە بۆ بەرهەمهێنان.
پشت بەستن بەتەنها بە داهاتى نەوت كەلێنێكى گەورەیە لە سیستەمى بەرِێوەبردنى ئابوورى هەرێم، بۆیە پێویستمان بە دەرچەى رِزگاربوونە بۆ دەستكردن بە پرۆسەى چاكسازى و بنیادنانى پەرەپێدانى رِاستەقینە، وەك وەبەرهێنانى بیانى ڕاستەوخۆى ڕاستەقینە! بۆپەرەپێدانى كەرتى نەوتى وكەرتەكانى پەیوەست بە نەوتەوە، وەك پیشەسازى پتڕۆكیمیاوى لە قۆناغی یەكەم بۆ دروستكردنى بەهاى زێدەگى لە نەوت لە جیاتى فرۆشتنى نەوت بەشێوەى خام، چونكە توێژینەوە ئابوورییەكان دەریدەخەن بەهاى زێدەگى پیشەسازى گۆڕینى كەرستەى خاو بۆ بەرهەمى تەواو و نیمچە تەواو بەهاى زێدەگى سەد ئەوەندەى بەهاى زێدەگى پیشەسازى دەرهێنانە! تاكو ببێتە هۆى ڕاكێشانى تەكنیكێكى نوێ ى گونجاو بۆ بەرهەمهێنانى نەوتى و سوود وەرگرتن لە داهاتەكەى بۆ دۆزینەوەى تواناى بەرهەمهێنانى تازەى سەرچاوەى داهات، هەنگاو بەهەنگاو پیشەسازییەكان پشت بەستن بە كەرتى نەوتى كەم بكەنەوە، وە هەڵى كارى تازە بڕەخسێنن كە بەرهەمدارى زیاتر بێت بۆ بەردەوامى پەرەپێدان لەماوەى درێژخایەن، ئەوكات بناغەیەكى ئابوورى پتەومان دەبێت بۆ چاكسازى ڕیشەیی.
ستراتيجيه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى نزمبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت
بيرۆكه‌ى گرێبه‌ستى دواخراو ده‌گه‌ڕيته‌وه بۆ بازاڕى به‌رهه‌مه كشتوكاڵييه‌كان له سه‌ده‌ى نۆزده له شاره‌كانى ناوه‌ڕاستى رۆژئاواى وڵاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا. سوودى ئه‌و بازاڕه بۆ جووتياره‌كان ئه‌وه بوو له به‌هار له‌كاتى چاندى گه‌نم ده‌يزانى نرخى فرۆشتنى چه‌نده له‌پايزى داهاتوو. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ى به گرێبه‌ستى داهاتوو بفرۆشێت دواتر له‌كاتى دروێنه نرخه‌كه‌ى به‌رزتر بووه وه له‌و نرخه‌ى پێشوه‌خته‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ى پێ فرۆشتووه بێگومان به‌هاى جياوازى نێوان هه‌ردوو نرخ ده‌بێته زيان بۆ جووتيار. به‌ڵام سوودى گرێبه‌سته‌كه له كاتى دابه‌زينى نرخه‌يه كه ڕه‌نگه زيانێكى زۆر گه‌وره‌ى پێبگه‌يه‌نێت تاكو ئاستى مايه پووچبوون.
بازاڕى نه‌وت بۆ گرێبه‌ستى دواخراو له بۆرسه‌ى نيويۆرك ئامرازێكه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى مه‌ترسى بۆ به‌رهه‌مهێنه‌كانى نه‌وت و به‌كاربه‌ره‌كانى. چونكه ڕه‌نگه كۆمپانياى فرۆكه‌وانى نه‌وت به‌گرێبه‌ستى دواخراو بكڕێت بۆ پاراستنى كۆمپانيا له ئه‌گه‌رى به‌رز بوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له ساڵێك يان دوو ساڵى داهاتوو. ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت له‌و ماوه‌يه به‌رز بوويه‌وه به ڕێژه‌ى (50% ) ئه‌وا كۆمپانياى فرۆكه‌وانى خۆى پاراست له‌و مه‌ترسييه، چونكه به‌رزبوونه‌وه‌ى نه‌وت واته به‌رز بوونه‌وه‌ى نرخى سووته‌مه‌نى فرۆكه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى تێچوون و ناچاربوونى كۆمپانيا به به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى گه‌شته‌كانى و مه‌ترسى له‌ده‌ستدانى به‌شه بازاڕى. هه‌رچه‌نده ئه‌و كردارى خۆ پاراستنه تێچوونى هه‌يه به‌ڵام كۆمپانياكان ئاماده‌ن بيده‌ن بۆ خۆپاراستن له مه‌ترسى به‌رز بوونه‌وه‌ى نرخ. به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وتيش به‌هه‌مان ستراتيجى خۆيان ده‌پارێزن له دابه‌زينى نرخى نه‌وت ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆ پارێزييه تێچوونيشى هه‌بێت، ئه‌و ستراتيجييه پێ ى ده‌وترێت (Hedging Strategy).
ئه‌زموونى مه‌كسيك (Hedging Strategy)
وڵاتێكى نه‌وتى خاوه‌ن ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو له ستراتيجييه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى نزمبوونه‌وه‌ى نرخ كه به هێدجين ستراتيجى (Hedging Strategy)ناسراوه. نه‌وت به‌شێكى گه‌وره‌ى داهاتى گشتى وڵات پێكدێنێت و (35%) ى بوودجه‌ى وڵات له ڕێگاى كۆمپانياى (بيمێكس) ى حكومى دابين ده‌كرێت. هه‌ر دابه‌زينێكى له پڕى نرخى نه‌وت ده‌بێته شڵه‌ژانى بوودجه و كاريگه‌رى له‌سه‌ر سه‌قامگيرى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌بێت.
مه‌كسيك له ساڵانى ڕابردوو په‌ناى برده به‌ر ستراتيجييه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كان و به‌شێك له به‌رهه‌مه نه‌وتييه‌كه‌ى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكرد، له ساڵى (2008) هه‌موو نه‌وته‌كه‌ى به‌و ستراتيجييه‌ته فرۆشت له كاتێكدا نرخى نه‌وت نزم نه‌بوو، تێچوونى ئه‌م دڵنياييه يه‌ك مليار و نيو دۆلار بوو. به‌ڵام كاتێك نرخى نه‌وت دابه‌زى مه‌كسيك هه‌شت مليار دۆلارى قازانج كرد له ئه‌نجامى ئه‌و دڵنياييه، مه‌كسيك به‌و هه‌نگاوه‌ى خۆى له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى نرخ پاراست و هه‌شت مليار دۆلارى بۆ بوودجه‌ى وڵات گێرايه‌وه. ئه‌و ڕێككارانه‌ى مه‌كسيك زۆر دانايانه بوو، هه‌رچه‌نده مه‌ترسيشى تێدابوو. دواى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و ستراتيجييه‌ته وه‌زيرى دارايى مه‌كسيك (Agustin Carstens)پله‌ى شه‌ره‌فى پێ به‌خشرا و ناونرا به (( سه‌ركه‌وتووترين به‌رپرسى نه‌وتى له جيهان، به‌ڵام به كه‌مترين مووچه له نێوان هاوشانه‌كانى)).
كوردستان و ستراتيجييه‌تى هێدجين
هه‌رێمى كوردستانيش پێويسته سوود له ئه‌زموونى مه‌كسيكى وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ك كۆمپانيا چينيه‌كانيش ده‌ستييان كردوه به كۆپى كردنه‌وه‌ى ئه‌زموونى مه‌كسيكى، و به‌شێكى نه‌وته‌كه‌ى هێدجين بكات و بۆ به‌شه‌كه‌ى تر‌ى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ وڵاتانى پێشكه‌وتوو بكات بۆ گۆرينه‌وه‌ى نه‌وت به هێنان و دامه‌زراندنى بنچينه‌ى پيشه‌سازى و ته‌نكنه‌لۆجى تاكو داهاتى هه‌رێمى كوردستان به قۆناغ له نه‌وته‌وه بگوازێته‌وه بۆ سێكته‌ره‌كانى پيشه‌سازى و كشتو‌كاڵى ته‌واوى سێكته‌ره‌كانى تر.
سه‌ركه‌وتنى هيوا به‌سه‌ر ئه‌زموون!
پرۆژەی ڕاکێشانی لوولەی گازی تورکمانستان بۆ هیندستان كه کۆمپانیای ئەمریکی(UNOCAL)بە نیازی جێبەجێکردنی بوو لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ساڵی (1995) به ئاماده‌بوونى دەیان سیاسەتمەداری ئەمریکی و سەرکردەی کۆمپانیاکانی نەوت لە شاری نۆرک مەراسیمێکی گەورە سازکرا بۆ واژووکردنی گرێبه‌ستى پرۆژەکە، لە پاڵ (نیازۆڤ)سەرۆکی تورکمانستان، یەکێک لە ئامادەبووان پیاوە بیرتیژەکەی سیاسەتی جیهان (هێنری کیسینجەر)ی وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا بوو، کیسینجەر کاتێک نەخشەی لوولە ستراتیجیەکەی بینی کە بە سەدان کیلۆمەتر دەبێت بەناو خاكی ئەفغانستانی پڕ لە جەنگ و چیا سەختەکانی پاکستان تێپەڕبێت تا دەگاتە هیندستان نەیزانی چۆن وەسفی ئەو پرۆژە ئەفسانەيیە بکات، چونكه زوو زانی ئومێد بۆ جێبەجێکردنی نزیکە لە خەیاڵ. کیسینجەر وتی: (ئەو پرۆژەیە بریتییە لە سەرکەوتنی هیوا بەسەر ئەزموون!) بێگومان لە پیشەسازی نەوت ئەستەمە هیوا بەسەر ئەزموون سەرکەوێت، پرۆژەکە هەر بەمردوویی لەدایک بوو، تا ئەمڕۆش جێبەجێ نەکرا. داڕمانی نرخی نەوت لە مێژوو ئەزموونە و دووبارە دەبێتەوە، ئەو وڵاتانەی تەنها بەهیوای بەرز مانەوەی نرخی نەوت ئومێدی سەقامگیری ئابووری هەڵدەچنن، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبنەوە.
پ. د. هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ/ دكتۆرا له جیۆلۆجیای نه‌وت
د. ئه‌رشه‌د ته‌ها/ دكتۆرا له سیاسه‌تی ئابووری
سەرچاوە: کوردستان ٢٤


