
“ڕەش وەکوو شەیتان، گەرم وەک جەهەندەم، بێگەرد وەک فریشتە، شیرین وەک خۆشەویستی”……
ئەوە وەسفی ئەفسانەی جیهانی سیاسەت، (تالێیراند)ە بۆ کوپێک قاوە…..ڕەنگە ڕەشەکەی بەڵگەی نایابی قاوەکەیە لە بنەڕەتدا، بە گەرمی چێژ لە خواردنەوەی دەبینیت، قاوە بە ساردی ناخورێتەوە، بێگەردییەکەی ئەوەیە کە پێویست ناکات وەک خواردن و خواردنەوەی دیکە هیچی لەگەڵ تێکەڵ بکەیت، هەر خۆی بەتەنها چێژ دەبەخشێت، شیرینییەکەی مەبەستی لەو کەش و دانیشتنە شیرینەیە کە بە دەم خواردنەوەی قاوە دەخولقێت…….
(تالێیراند)، وەزیری دەرەوەی ناپلیۆن، دوای شکستی ناپلیۆن و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی فەرەنسا، بە بلیمەتی خۆی و شێوازی دانووسانی لەگەڵ چەندین دەوڵەتی زلهێزی براوە، لە کۆنگرەی ڤییەننادا، لە ساڵانی (١٨١٤-١٨١٥)، توانی تا ڕادەیەکی زۆر شکۆی فەرەنسا و یەکگرتووی خاکی فەرەنسا بپارێزێت.
کۆنگرەی ڤییەننا لە ساڵانی ١٨١٤-١٨١٥ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی بوو بۆ گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنێکی نوێی نەزمی سیاسی و دەستووریی ئەوروپا، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆری فەرەنسا (ناپلیۆن بۆناپارت).
لە بەر ئەو ڕۆڵە موعجیزەئاسایەی (تالێیراند) لە کۆنگرەی ڤیەنادا گێڕای، لویسی هەژدەهەم کاتێک فەرەنسای گەڕاندوە نەزمی پادشایی، دەستکاری ئەو وەزیرە بلیمەتەی سەردەمی ناپلیۆنی نەکرد و لە پێناو هەستانەوەی فەرەنسا، هێشتییەوە لە پۆستەکەی.


