دەبێت بە نیازی چی بن؟ تۆ بڵێی ئەگەر هەبن تێڕوانینیان بۆ بوون و نەبوون چی بێت، یاساکانی فیزیا کە لای ئێمە باوە، لە سەر ئەوانیش جێبەجێ دەبێت؟
فڕۆکەکانی ئێمە بە هەزار بەزموڕەزم دەفڕن و دەنیشنەوە، یوفۆکان لە چاوترووکانێکدا دێن و وەک بەرزەکی بانان، بێ جێهێشتنی شوێنەوار، بۆی دەردەچن…
لەم ڕۆژانەدا، کۆنگرێسی ئەمریکا فشاری دروستکردووە کە دەوڵەتی عەمیقەی واشینگتۆن، چی لە بارەی یوفۆکان دەزانێت با دەستی خۆیان کەشف بکەن….
ڕۆژنامەنووس (جۆرج کناپ) بە کۆنگرێسی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە سوپای ڕووسیا لە کۆتاییەکانی شەستەکانەوە کۆمەڵێک شەڕ و پێکدادانی لەگەڵ یوفۆکاندا هەبووە. بەپێی وتەی ئەو شایەتحاڵانەی کە بۆ کۆنگرێس قسەیان کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لانیکەم ٤٥ ڕووداودا لەگەڵ تەنە نەناسراوەکاندا پێکدادانیان هەبووە. بەڵام ئەو ڕووداوەی کە بەڕاستی ڕووسەکانی شۆککرددوە ئەو کاتە بووە کە لە بنکەیەکی مووشەکهاوێژی ئەتۆمی ڕوویداوە و خەریک بووە مووشەکەکان بە ئاڕاستەی ئەمریکا هەڵبدەن.
ئەو زانیارییانەی لە کۆنگرێسی ئەمریکادا باسیان لێوە دەکرێن، شۆکهێنەرن!  
ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە تەنە نەناسراوەکان (یوفۆکان) لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئەمریکادا پشتڕاسکراونەتەوە….
گوایە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا فەرمانی داوە کە تا بکرێت خۆیان لە ڕاوەدوونانی یوفۆکان بەدوور بگرن چونکە ڕوون بۆتەوە کە تەنە نەناسراوەکان توانایەکی گەورەی تۆڵەسەندنەوەیان هەیە.
ئەم دانپێدانانە لە کۆنگرێسی ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی لە حەز و ئارەزووی لای زانایان و یاسادانەران دروستکردووە و داوای شەفافیەت و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر لە حکوومەتی ئەمریکا دەکرێت.
زانای ناوداری فیزیای ئەستێرەیی ئیسرائیلی-ئەمریکی ئاڤی لۆب، لە نێو ئەو پۆلە زانایەدایە کە داوای ئاشکراکردنی نهێنییەکان لە ئەمریکا دەکات.
هەردوو حیزبی دیموکرات و کۆمارییەکان داوای بڵاوکردنەوەی تۆمارەکانی تەنە نەناسراوەکان دەکەن و دەڵێن ئامادەن بۆ قەبووڵکردنی هەر واقعێک.
‎زانای مەزنی فیزیا (ستیڤن هاوکینگ) هەمیشە هۆشداری ئەوەی دەدا کە مرۆڤ خۆی بەدوور بگرێت لە ناردنی هیچ پەیام و سیگنالێک لە سەر بوونی هەسارەی زەوی بۆ بۆشایی ئاسمان. نیگەرانی هاوکینگ ئەوە بوو کە ئەگەر شارستانییەتێکی پێشکەوتوو سیگنالەکانی ئێمە وەربگرێت، لەوانەیە نیازێکی خێرخوازانەیان
نەبێت و بەرکەوتنەکەش زیانبەخش بێت بۆ مرۆڤایەتی.
بە کورتی، ڕەنگە جیهان لە لێواری ئاشکراکردنی حەقیقەتێکی سەرسوڕهێنەردا بێت، بەڵام بەڕاستی دەتوانین هەزمی واقیعێک بکەین کە لە خەیاڵیش خەیاڵاویترە؟