ساڵی ١٩٤٥ ئەندازیاری ئەمریکی (ڤانێڤار بوش) کە سەرۆک و ڕێکخەری دەزگایەکی توێژینەوەی سەربازیی ئەمریکی بووە، نووسیویەتی:
''یاسای بۆماوەیی کە زانا جۆھان مەندل (١٨٢٢-١٨٨٤) دایهێنابوو بۆ چەندین دەیە نەگەیشتە بەردەستی کەسانێک کە کاری لە سەر بکەن و پەرەی پێبدەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جیهان بە جۆرێک نوقم بووە لە زانیاریی بێ کەڵک و بێ سوود.. شتە بەسوودەکانیش ونبوون و ناگەنە شوێنی مەبەست''.
ئەگەر (ڤانێڤار بوش) لە ١٩٤٥ ئەوەی نووسیبێت، داخوا لە ٢٠٢٢ دەبوو چی نووسیبا؟!
شۆڕشی زانیاری و توێژینەوەی بێ سەروبەر و گەندەڵیی زانستی و ئەکادیمی، هەموو جیهانی بە زانیاریی پووچ و بەتاڵ داپۆشیوە و تا ئاستی سوکایەتی، زانستی بێ کلاس و ڕیسوا کردووە.
ئەو هەرێمەی خۆشمان لێوانلێو بووە لە توێژەرانێک کە تەنها بە چەمکی زۆری و بۆری کار دەکەن، تێوەگلاون لە تاوانی ئەکادیمی ڕێکخراو.
سەیر ئەوە نییە کە توێژەر لە هەرێمی کوردستاندا، دوور لە هەموو مەنتیقێک کە عەقڵ قەبووڵی دەکات، لە ماوەی تەنها یەک ساڵدا، ژمارەیەکی خەیاڵی توێژینەوەیان بڵاوکردۆتەوە، کە هیچ کۆچەر بیرکارێک تۆزیشیان ناشکێنێت، سەیر ئەوەیە زانکۆکانیشیان ریکلامیان بۆ بکەن و وەک موعجیزە پێمانی بفرۆشنەوە.
کە بە خێرایی سەیری توێژینەوەکان دەکەی، مرۆڤ سەری لێ دەشێوێت و نازاننێت ئەو زانایانە لە چ بوارێک زانان، چوونکە توێژینەوەکانیان دەڵێی چێشتی مجێورەکەی (مامۆستا هەژار)ن، هەر ئیختیساسێک فکرت بۆی دەچێت، ئەوان شتیان لە بارەیدا بڵاوکردۆتەوە….