
لە سەرەتای سەدەی ١٣دا، ئیتاڵیا لە چەندین کۆماری بچووک بچووک و ناوەندی دەسەڵاتی جیاجیا پێکدەهات. کۆماری (جێنۆڤا) ناوەندێکی دەریایی ستراتیجی بوو، سامان و دەسەڵاتەکەی ڕکابەری لەگەڵ کۆمارەکانی دەورووبەردا دەکرد. (ئۆبێرتۆ دۆریا) دەریاوانێکی ناودار و لێهاتوو و سەرکردەیەکی کۆمارەکە بوو.
لە ساڵی ١٢٨٤دا، جێنۆڤا لە جەنگی (مێلۆریا) لە دژی ڕکابەرە سەرسەختەکەی کە کۆماری (پیزا) بوو، تێوەگلا بوو. ئۆبێرتۆ دۆریا کە بە عەقڵی ستراتیجیی ناوازە و چاونەترسانە ناسرا بوو، سەرکردایەتیی هێزە کەشتیوانییەکانی کۆماری (جێنۆڤا)ی دەکرد.
دۆریا پلانێکی بێ وێنەی داڕشت کە بە عەقڵی هیچ دۆست و نەیارێکدا نەدەهات. فەرمانی دا بە دروستکردنی چەند پەیکەرێکی هاوشێوەی کەشتیی گەورەی جەنگی، کە هەرگیز هاوشێوەیان نەبینرابوون. ئەم کەشتییانە وا دروستکرابوون کە ترسناک دەرکەون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ توانای شەڕکردنیان نەبوو. بەڵکو وەکوو هەڵخەڵەتاندن و سەرقاڵکردنێک بەکارهێنران و سەرلێشێواوییان لە ناو هێزە دەریاییەکانی کۆماری (پیزا)دا خوولقاند.
لە کاتێکدا هێزی دەریایی پیزا سەرنجی لەسەر ئەم پەیکەرە زەبەلاحانەدا چڕ کردبۆوە، دۆریا سەرکردایەتیی هێزە ڕاستەقینەکەی کۆماری جێنۆڤای کرد و بە دەوری هێزە نەیارەکاندا سووڕایەوە. تا ئەو کاتەی هێزەکانی کۆماری پیزا درکیان بە هەڵەکەیان کرد، زۆر درەنگ بوو و کار لە کار ترازابوو. هێزەکانی جێنۆڤا بە وردییەکی خێرا هێرشیان کرد و لە جەنگی (مێلۆریا)دا سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەیان بۆ کۆمارەکەی خۆیان مسۆگەر کرد.
دوای جەنگ، دۆریا گەڕایەوە جێنۆڤا و وەک پاڵەوان لە ناو ئاپۆرای جەماوەردا، پێشوازیی لێکرا. ستراتیجییە ژیرانەکەی، نەک هەر باڵادەستیی (جێنۆڤا)ی لە ناوچەکەدا مسۆگەر کرد، بەڵکو کۆماری پیزاشی هێندە لاواز کرد کە هەرگیز هەژموون و هێزی دەریایی پێشووی بەدەست نەهێنایەوە.
تا ئەمڕۆش دانانی ئامانجی وەهمی بۆ هەڵخەڵەتاندنی نەیاران لە کاتی جەنگدا، تاکتیکێکی باوە....
پێویستە لە کاتی ململانێ و جەنگدا، چاومان لە سەر هەڕەشە ڕاسستەقینەکان بێت، نەوەک هەڕەشەی درووستکراو….


