‏‎ساڵی 1962 یەکێتی سۆڤیەت وه‌ك په‌رچه‌كردارێک لە به‌رامبه‌ر جێگیركردنی ڕۆكێتی بالیستی له‌ توركیا و ئیتاڵیا له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوە، هه‌روه‌ها دوای شكستخواردنی ئەو هێزە کۆدێتاچییەی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ناسراو به‌

''كه‌نداوی به‌رازه‌كان'' ویستیان له‌ گواتیمالاوه‌ هێرش بکەنە‌ سه‌ر كوبا و به‌ سپۆنسه‌ریی ئه‌مه‌ریكا حوكمی فیدل كاسترۆ كۆتایی پێ بهێنن، مۆسكۆ بڕیاری ناردنی چەندین ڕۆكێتی بالیستی دا بۆ كوبا كه‌ هه‌ڵگری كڵاوی ئه‌تۆمی بوون. ئه‌مه‌ریكا و یەکێتیی سۆڤیەت نزیك بوونه‌وه‌ له‌ جه‌نگێكی ئه‌تۆمیی وێرانکەر و ھەردوو سەرۆک (جۆن کەنەدی) لە کۆشکی سپی و (نیکیتا خرۆشۆڤ) لە کرێملین، بەدیار جانتا ڕەشەکانیان دانیشتبوون کە کۆدی خستنەگەڕی ڕۆکێتە ئەتۆمییەکانی تێدایە و ھەموو جیھان چاوەڕوانی کاتژمێری سفری جەنگێکی ئەتۆمی بوون، کە بێگومان لە ئەگەری هەڵگیرسانیدا، ڕەنگە ژیان لە سەر هەسارەی زەوی کۆتایی پێ بێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئه‌و دۆخه‌ مه‌ترسیدارەی مرۆڤایه‌تی تێی کەوتبوو‌، مۆسکۆ بڕیاری دا، لە تاریکیی شەودا و بە ئەسپایی ڕۆكێته بالیستیه‌كانی خۆی له‌ كوبا بكشێنێتەوە‌، واشینگتۆنیش له‌ پلانی داگیرکردنی کوبا پاشه‌گه‌ز بووەوە.
هینری كیسینجه‌ر له‌ وه‌سفی ئه‌و وانه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ مرڤایه‌تی له‌و ته‌نگژەیەی كوبا فێری بوو، ده‌ڵێت، گه‌وره‌ترین حیكمه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌كان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو لای ناكۆك، ڕێگای پاشه‌كشه‌ بۆ یه‌كتر بهێڵنەوە بێ ئه‌وه‌ی شکۆ و كه‌رامه‌تی هیچ لایەک بڕوشێت.
‏‎خۆ ڕه‌نگبێت ئەو حیکمەتە بۆ ئێمه‌ی كوردیش پەند و وانه‌یه‌كی مه‌زن بێت و شتی زۆری لێوە فێربین.