ئەمەریکا بە تەنها لەبەر چاوی ڕەشی کوردی نەبوو، یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگەی دەویست. واشینگتۆن دەیویست ئەو هێزانە گەمەکەرێکیش بن لەو یارییە شەترەنجییە تێکهەڵکێشەی کە دەمێکە ئامادەی کردووە، بۆ دووبارە سەپاندنەوەی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا.
جووڵە سەربازی و جیۆپۆلیتیکییەی ئەمریکا، وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان لێی بە ئاگان، دەمێکیشە پلاسخارت هۆشداری دەداتە کورد، کە خۆیان بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ناوچەکەدا ئامادە بکەن و کۆتایی بە پەرتەوازەیی بهێنن.
هەرێمی کوردستان، تا ڕادەیەکی زۆر، ئەو خاسییەتانەی کە بەلای ئەمریکاوە گرینگن بۆ خستنە ناو بازنە وەک شەریکی سەربازی و جیۆسیاسی، لە دەستی داون.
دووبارە ئێمەی کورد، مەترسی ئەوەمان لەسەرە لە ڕەوتی قووڵی گۆڕانکارییەکان و نەخشە گەورەکە تێنەگەین و تەنها بە واق وڕمانییەوە، دەستەوەستان دانیشین.
لە جیهانێکی پڕ لە ژاوەژاو و زۆر بوونی ئامرازەکانی سەرقاڵکردندای نەتەوەکان، توانای بینینی وێنە گەورەکە و شیکردنەوەی دروست و خۆگونجاندن لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکاندا، هیچ کات وەک ئێستا چارەنووسساز نەبووە.
جەنگی دۆلار و تمەن، فشار بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، شەڕی بەغدا و هەولێر لە سەر بودجە، بڕیارەکانی دادگای فیدرالی، جاڕدانی سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی عێڕاق، (فائیق شێخ عه‌لی) بە ڕوودانی بوومەلەرزەی سیاسی لە عێڕاقدا و، دەنگۆکانی گەڕانەوەی سوننە بۆ دەسەڵات لە بەغدا، ڕووداوەکانی کەرکووک، هتد…هەمووی لێکەوتەی بچووک بچووکن و پرووشکە و ساچمەی جەنگێکی گەورەتری جیۆپۆلیتیکیی ناوچەکەن.
وا پێدەچێت ئەمەریکا، لە بڕی هەرێمی کوردستان، ڕۆژاڤا بکات بە سەنتەری قورسایی هێزەکانی خۆی، بۆ فشار خستنە سەر نەیارەکانی. بەهۆی دەنگۆی نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ڕۆژاڤاش، بە دەستی دەرەکی، عەشیرەتە سوونییەکان دەستیان بە یاخیبوون کرد بۆ کاڵکردندوەی متمانەی واشینگتۆن بە هەسەدە. ئەگەری دەستتێوەردانی فراوانتری تورکیاش زیندوو دەبێتەوە هەم لە باشوور هەم لە ڕۆژاڤادا.
ئەوەی ڕوونە: ئەمریکا ناهێڵێت، هەژموونی ئێران لە عێڕاقەوە بگاتە سووریا و لوبنان و دەروازەی ڕۆڵە شیرینەکەی، ئیسرائیل.
دوای نزیک بوونەوەی سعوودیا و ئێران و دەستتێوەردانی چین و ڕووسیا لە ناوچەکەدا، جووڵەی ئێستای ئەمریکا، دوا دەرفەتی واشینگتۆنە بۆ ڕێگریکردن لە نەیارانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەوەی دەستی لە بنی هەمبانەکە نەیەتە دەرەوە!