کۆمپانیاکان داتا و زۆر جار بودجەش دەبەخشنە توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.
دەرئەنجامی ئەو دەستتێکەڵکردنەی زانکۆ و کۆمپانیاکان ڕوونە: زانست هەنگهاو دەنێت بەرەو پێشەوە، کۆمپانیا بە هیممەتی زاناکان لە دامودەزگا ئەکادیمییەکاندا، بەرچاوڕوونی وەردەگرن لە سەر کێشە تەکنیکییەکانیان و زۆرجار چارەسەری گرفتی گەورەیان دەستدەکەوێت…
داتا شاردنەوە، جگە لە زیان هیچ سودێکی نییە.
ئێمە نهێنی کۆمپانیاکانمان ناوێت لە زانکۆکانماندا، ماددە و داتای خاممان دەوێت و بە دیدی ئەکادیمی خۆمان لە گرفتەکان دەڕوانین.
نوێترین توێژینەوەی زانستیمان لە یەکێک لە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی بواری زەویناسی بڵاوکرایەوە، کە تیشک دەخەینە سەر ئەو کانە نەوتە ناباوانەی پێشان حیسابیان بۆ نەدەکرا و ئێستا بوونەتە بژاردەیەکی گەرم بۆ دۆزینەوەی یەدەگی نوێی نەوت و گاز. ئەو توێژینەوەیەمان بە هاوکاری پۆلێک لە زانای بەتوانای زانکۆی خەلیفەی ئیماراتییە. هۆکاری سەرەکی ئەم دەستکەوتە ئەکادیمییەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیای “ئادنۆک”ی ئیماراتی داتای خستۆتە بەردەستمان.


