سه‌ره‌ڕای هه‌ردوو جه‌نگی جیهانيی یه‌كه‌م و دووه‌م، له سه‌د ساڵی ڕابردوو چه‌ندین ڕووداوی جیهان هه‌ژێن ڕوویانداوه، له ساڵی 2011 به‌هێزترین بوومه‌له‌رزه كه ئێستا تۆمار كرابێت له ژاپۆن به قوڵی 24 كیلۆمه‌تر له ژێر ده‌ریا ڕوویدا،
سه‌ره‌ڕای ئه‌و زیانانه‌ی كه له باڵاخانه‌كان و ژێرخانی ئابووری دا له ناوچه‌ی باكووری تۆكیۆ، بوومه‌له‌رزه‌كه بووه هۆی پچڕانی وزه‌ی كاره‌با له‌ناوچه‌كه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی فۆكۆشیمای ئه‌تۆمی له‌خۆ ده‌گرێت.
دوای بیست و پێنج خوله‌ك شه‌پۆله‌كانی سۆنامی كه‌ناره‌كانی داپۆشی و هه‌زاران مرۆڤی نغرۆكرد. به‌رزی شه‌پۆله‌كان وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی فۆكۆشیمای ئه‌تۆمی نغرۆ كرد، هه‌ر به ئه‌وه‌نده نه‌وه‌ستا و به‌رهه‌مهێنی وزه‌ی گازی یه‌ده‌گیشی په‌كخست، به‌مجۆره وێستگه‌ی گه‌رمی ئه‌تۆمی بێ به‌ش بوو له ئاوی ساردی فێنككه‌ره‌وه بۆ هێشتنه‌وه‌ی وێستگه‌كه له ژێر كۆنتڕۆڵ.
له ڕۆژانی دواتر ته‌قینه‌وه‌كان دامه‌زراوه و كارگه‌كانی داڕماند و مادده تیشك ده‌ره‌كان دزه‌یان كرد، به‌رگی ئاسنینی پارێزه‌ری وێستگه‌كه توانه‌وه. ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ئه‌تۆمی بوو له دوای ته‌قینه‌وه‌ی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی چێرنۆبڵ له ئۆكڕانیا ساڵی 1986، ئه‌م ڕووداوه بووه هۆی كه‌می وزه به‌هۆی پچڕانی وزه‌ی كاره‌با، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ده‌رخستنی لاوازی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ به‌رامبه‌ر كورتهێنانی له‌ناكاوی وزه. كاریگه‌ری ڕووداوه‌كه ته‌نها له‌سه‌ر ژاپۆن نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌می به‌رهه‌می پیشه‌سازی له ژاپۆن گێژاوی خسته زنجیره‌ی هاورده‌ی جیهانی، ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌ربه‌ست له به‌رده‌م به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل و به‌رهه‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كان له ئه‌وڕوپا و ئه‌مه‌ریكای باكوور، له‌ده‌ره‌نجام زیانگه‌یاندن به ئابووری جیهان و گومانی خسته سه‌ر وزه‌ی ناوه‌كی كه بتوانێت پێداویستییه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كانی جیهانی پێ دابین بكرێت له وزه.
له لایه‌كی تری جیهان، قه‌یرانێكی زۆر جیاوازتر په‌رده‌ی له‌سه‌ر خۆی هه‌ڵماڵی، ئه‌مجاره زه‌وی له‌رزه نه‌بوو، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه له‌رزه بوو! كاتێك میوه فرۆشێكی لاو له شاری (سیدی بوزید)ی تونسی له ئه‌نجامی بێزاركردنی به‌رده‌وام له لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی شاره‌وانی و بێباكی به‌رپرسه‌كانی حكوومه‌ت، ماده‌یه‌كی كهولی به‌سه‌ر خۆی دارشت و له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئاگری به‌ردایه گیانی خۆی، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر دۆخی خۆی. هه‌واڵی ڕووداوه‌كه به هۆی سۆشیال میدیاوه سه‌رتاپای تونس و باكووری ئه‌فریكا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی داپۆشی و بووه هۆی داڕووخانی سیسته‌می حوكمڕانی له تونس له ده‌ره‌نجامی فشاری خۆپێشانده‌ران. شه‌پۆله‌كه په‌ڕییه‌وه بۆ مه‌یدانی ئازادی له شاری قاهیره و سیسته‌می حوكمڕانی میسریشی ڕووخاند. پاشان شه‌پۆله‌كه هه‌موو ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه و بووه هۆی شه‌ڕی ناوه‌خۆ له وڵاتی لیبیا و سووریا و یه‌مه‌ن، ئه‌مه‌ش هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی ناچار كرد، ده‌ست وه‌ربداته لیبیا.
له ئه‌نجامدا، نرخی نه‌وت له بازاڕی جیهانی به‌رز بووه‌وه، نه‌وه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی لیبیا ناگاته بازاڕی جیهانی، به‌ڵكو له‌به‌ر تێكچوونی هاوسه‌نگی جیۆستراتیجی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مه‌ترسی ناسه‌قامگیری له كه‌نداوی عه‌ره‌بی، كه چل له سه‌دی فرۆشی نه‌وتی جیهان پێكدێنێت، وێڕاى كاریگه‌ری له‌سه‌ر كڕیاره‌كانی نه‌وت له سه‌رانسه‌ری جیهان.
ئه‌م دوو ڕووداوه هاوكاته زۆر جیاوازه، دوو شۆكی زۆر به‌هێز بوون بۆ ئابووری جیهان و بازاڕه‌كانی، به‌ڵام ڕووداوی سێیه‌م كه‌مه‌رشكێن ده‌بێت و ئه‌و جیهانه‌ی كه ده‌یناسین بوونی نامێنێت.
تۆماركردنی نه‌خۆشی ژماره سفر
به‌پێی ڕاپۆرتێكی درێژی ڕۆژنامه‌ی (South China Morning Post) له رێكه‌وتى 17ی نۆڤێمبه‌ری ساڵی 2019 یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا (نه‌خۆشی ژماره سفر) له هه‌رێمی هوبی وڵاتی چین تۆمار كرا، كه هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 55 ساڵان بوو. له 15ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 2019 ژماره‌ی تووشبوان بووه 26 كه‌س، له كۆتایی هه‌مان مانگ ژماره‌كه به‌رز بووه‌وه بۆ 266 حاڵه‌ت، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌تانه به‌فه‌رمی ڕانه‌گه‌ندران. كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دكتۆره‌كان زانیان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كی نوێ ده‌كه‌ن، ژماره‌ی توشبووان له به‌رزبوونه‌وه دابوو كاتێك دكتۆر (Zahang Jixian) به ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی هوبی ڕاگه‌یاند، كه هۆكاری ئه‌م نه‌خۆشییه نوێیه، جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایه. كه دواتر ناوه زانستییه‌كه‌ی بووه كوڤید-19 (Covid-19). له دوای ئه‌وه‌وه هه‌موومان گه‌شه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له چین و سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌زانین.
سه‌ره‌تای كۆتایی، جیهانی دوای كۆرۆنا
جیهان دوای كۆرۆنا به ته‌واوی ده‌گۆڕێت، هه‌ندێك حكوومه‌ت هه‌ره‌س دێنن، هه‌ندێك ئابووری به‌هێز چۆك داده‌ده‌ن، هه‌ندێك هاوپه‌یمانی هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه، ڕه‌نگه هه‌ندێكی تر دروست بن.
ده‌ركه‌وتنی خاڵی لاواز.. ئایا هه‌مووان یه‌كسانن له به‌رده‌م ئامێری هه‌ناسه‌دان؟
ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌رده‌ی له‌سه‌ر لایه‌نی لاوازی وڵاته پیشكه‌وتووه‌كان هه‌ڵماڵی، كه لایه‌نی ته‌ندروستییه. بۆ نموونه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌شت سه‌د بنكه‌ی سه‌ربازی له سه‌رانسه‌ری جیهان هه‌یه، بوودجه‌ی ساڵانه‌ی سه‌ربازی 750 ملیار دۆلاره، له چه‌ند كاتژمێرێك ئه‌توانێت ئاماده‌كاری بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین سوپا له جیهان، كه‌چی ناتوانێت ده‌مامك ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ هاوڵاتیانی، كه‌وتۆته قه‌یران بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌دان.
له به‌ریتانیا ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت ڕاده‌ستكردنی ته‌ندروستی به كه‌رتی تایبه‌ت و دانانی سیسته‌می دڵنیایی له جێگای خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی نیشتمانی چ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره بوو، چونكه به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ته‌ندروستی بووه هۆی داخستنی ژماره‌یه‌كی زۆری نه‌خۆشخانه و مانگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری پزیشكی لاو و به‌تاڵمانه‌وه‌ی 44 هه‌زار پله‌ی وه‌زیفی په‌رستاری له‌م وڵاته. به‌ریتانییه‌كان دیمه‌نه‌كانی ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پزیشكانیان بیر نه‌چووه، له‌لایه‌ن (جیرمی هانت) وه‌زیری ته‌ندروستی، كاتێك گرێبه‌ستێكی نوێی بۆ پزیشكان ڕاگه‌یاند و بێ به‌شیكردن له كرێی كاتژمێری زیاده.
ئه‌و پزیشكه گه‌نجانه‌ی ئێستا سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان گرتووه دژی ڤایرۆسی نوێ، به‌بێ ده‌ستكه‌وتنی ده‌مامك و پارێزه‌ری ده‌م و چاو و ئامێری هه‌ناسه‌دان و كیتی پشكنین. ئێستا پرسیاری هاووڵاتیان ئه‌وه‌یه: ئایا هه‌مووان یه‌كسانن له‌به‌رده‌م ئامێری هه‌ناسه‌دان؟ یان به‌ساڵاچوو و په‌ككه‌وته‌كان شایه‌نی گرنگی پێدان نین له دۆخی كورتهێنان له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن و قه‌ره‌وێڵه‌كانی، ئایا ئه‌م سیسته‌مه شایه‌نی پارێزگاری لێ كردنه؟.
دوای په‌تا ئه‌وه‌ی نه‌مرێت جه‌سته‌ی ده‌رباز و ده‌روونی گیرۆده ده‌بێت
كۆمه‌ڵگه بریتی یه له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك تاك، گۆڕانی تاكه‌كان ده‌بێته گۆڕانی كۆمه‌ڵگه به ته‌واوی. زۆر كات گوێ بیستی ئه‌و زاراوه‌یه ده‌بین، كه سیاسییه‌كان به‌كاری دێنن، هه‌وڵی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌تا: جه‌نگ دژی په‌تا. چونكه په‌تا وه‌ك جه‌نگ ده‌بێته هۆی گۆڕینی دابونه‌ریتی رۆژانه‌ی تاكه‌كان، مه‌حاڵه‌كان جێگیر ده‌كات و جێگیره‌كان له‌ق ده‌كات، مرۆڤه‌كان ڕووبه‌ڕووی بیروباوه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌كاته‌وه. زانستی ده‌رونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی دركی به‌و ڕاستییه كردووه، كه له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا ڕه‌وشتی و ده‌روونی كۆمه‌ڵ گۆڕانكاری به‌سه‌ر دێت، له‌به‌ر ئه‌وه لقێكی نوێ به‌ناوی زانستی ده‌روونناسی په‌تا (epidemic Psychology) سه‌ری هه‌ڵدا. نه‌خۆشییه‌كان به جیاوازی پله‌ی مه‌ترسیان، كه له جه‌سته‌ی مرۆڤ جێگیر ده‌بن، زیانی زیاتره له په‌تایه‌ك كه له وڵاتێكی دراوسێ بڵاوده‌بێته‌وه، به‌ڵام ترسی په‌تاكه زیاتره، چونكه ئه‌گه‌ر شێرپه‌نجه ترسێنه‌ر بێت، ئه‌وا په‌تا تۆقێنه‌ره، به‌رده‌وام مرۆڤ له دڵه‌ڕاوكێی ئه‌گه‌ری به‌ركه‌وتنی به‌و نه‌بینراوه ده‌بێت، ترس هه‌موو كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه و زیاد ده‌كات به زیاتربوونی ژماره‌ی تووشبوان، نیگه‌رانی و ترس زیاتر ده‌بێت، كاتێك دڵنیا نابین له ده‌ستكه‌وتنی پێكوته. ترس قوڵتر ده‌بێته‌وه، به ته‌سكبوونه‌وه‌ی بازنه‌ی به‌ركه‌وتووان، له حاڵه‌تی نه‌خۆشی ئاسایی مرۆڤ ته‌نها له گیانی خۆی ده‌ترسێت، به‌ڵام له حاڵه‌تی په‌تا، مرۆڤ نازانێت خۆی یان دایكی و باوكی، یان منداڵه‌كانی به‌ر ڤایرۆسه‌كه ده‌كه‌ون.
نه‌زانراو كۆمه‌ڵگه تووشی تاریكی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات، به هۆی په‌تا، هه‌رچه‌ند ته‌كنه‌لۆجیاش پێشكه‌وتوو بێت، له‌م بارودۆخه ته‌كنه‌لۆجیا ته‌نها ترس و تۆقاندنی زیاد كردووه، ئه‌وه‌تا له ئێران زیاتر له 300 كه‌س مردن به هۆی خواردنه‌وه‌ی مادده كهولییه‌كان له ترسی ڤایرۆسی نه‌بینراو، له سه‌رانسه‌ری جیهانیش چه‌ندین كه‌س مردن له ترسی مردن به په‌تای نوێ، به خواردنی ده‌رمانی جۆراوجۆر به بێ ڕێنمایی پزیشك.
له‌و دۆخه‌دا مرۆڤ گومان له هه‌موو شتێك ده‌كات، گومان له خۆی، له ده‌وروبه‌ری، گومان له توانای ده‌ربازبوونی، ئازیزه‌كانمان ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی ترس بۆمان، نه‌وه‌ك هه‌ڵگری ڤایرۆس بن، گومان له ده‌سه‌ڵات و توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تا، گومان سه‌رتاپای ژیان ده‌گرێته‌وه، ئه‌و دۆخه‌ی (تۆماس هۆبز) ناوی نا ((جه‌نگی هه‌مووان دژی هه‌مووان)). له وڵاته یه‌كگرتووه‌كان، خه‌ڵك پێش كڕینی پاككه‌ره‌وه و ده‌ستكێش و ده‌مامك ڕیزیان به‌ست بۆ كرینی چه‌ك و فیشه‌ك، له ماوه‌ی یه‌ك مانگ (2,8) ملیۆن پارچه چه‌ك فرۆشرا، زۆربه‌ی كڕیاره‌كان ئه‌وانه بوون، كه یه‌كه‌م جاریان بوو چه‌ك بكڕن و پێشتر دژی یاسای ئازادی كڕینی چه‌ك بوون له‌و وڵاته، چونكه خه‌ڵك له‌و دۆخه پێیان وایه، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی گرنگتره له خۆراك و ده‌رمان، ئه‌و جه‌نگه‌ی كه لۆژیك و عه‌قڵ كۆنترۆڵی ناكات و كۆتایی نایه‌ت، تاكو په‌تاكه خۆی ڕاده‌ست ده‌كات.
له جه‌نگی هه‌مووان دژی هه‌مووان، لۆژیك و عه‌قڵ جێگای نابێته‌وه و یاساكانی ئابووری پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه، چونكه له كاتی په‌تا عه‌قڵانیه‌ت له هیچ شوێنێك جێگای نابێته‌وه. زانستی ئابووری هه‌میشه به‌رگری له عه‌قڵانییه‌تی مرۆڤ ده‌كات، بڕیاره‌كانی پاڵپشت به لۆژیك ده‌رده‌كات. به‌ڵام له‌كاتی ترس و دۆخی نه‌زانراو واز له لۆژیك ده‌هێنێت، په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌سته غه‌ریزییه‌كانی، په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌مباركردنی خۆراك و ده‌رمان و پاككه‌ره‌وه، هه‌رچه‌نده حكوومه‌تیش دڵنیایی بدات، كه له فه‌راهه‌مبوونی ئه‌و پێداویستییانه، به‌ڵام غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌ی له ژیان ڕێگا به بیركردنه‌وه‌ی لۆژیكی نادات، له‌به‌ر ئه‌وه لقێكی نوێ ی ئابووری هه‌وڵی لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌وشتی تاكه‌كان ده‌دات.
گێڕانه‌وه‌ی هه‌ناسه بۆ ژینگه
ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕێكخراوه ژینگه دۆسته‌كان و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نه‌یانتوانی بیكه‌ن بۆ ژینگه، ڤایرۆسێكی بچووك كردی، زۆربه‌ی دانیشتوانی زه‌وی له ماڵه‌كانیان كه‌ره‌نتین كرد، ده‌روازه سنوورییه‌كانی وڵاتانی داخست، فڕۆكه‌كانی له ڕێڕه‌وه‌كان هێشته‌وه، كارگه‌كانی داخست و كرێكاره‌كانی ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه كرده‌وه. نزمبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر نه‌وت به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا، هاوكات هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی وه‌حشیگه‌رانه‌ی نرخ له نێوان شانشینی سعودی و ڕووسیا، بوونه‌ته هۆی په‌كخستنی پیشه‌سازی نه‌وت و به‌ره‌و مه‌رگی ده‌به‌ن، ئه‌مه گه‌وره‌ترین ئاڵنگارییه، كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پیشه‌سازییه ده‌بێته‌وه، به درێژایی ته‌مه‌نی سه‌د ساڵه‌ی خۆی، ڕه‌نگه چاره‌نووسی ئه‌م پیشه‌سازییه بۆ هه‌میشه بگۆڕدرێت، هه‌ندێك كه‌س به تۆقێنه‌ر وه‌ك دۆزه‌خ ناوی ده‌به‌ن.
پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م دۆخه ئاڕاسته‌ی قه‌یرانی ژینگه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌بات؟ زۆرێك له شاره‌زایان وه‌ڵامه‌كه‌ی به به‌ڵێ ده‌زانن، چونكه دواخستنی گه‌یشتن به لووتكه‌ی خواست له‌سه‌ر نه‌وت و غاز ده‌رفه‌تی چاكبوونه‌وه بۆ به‌رگه هه‌وای زه‌وی ده‌ڕه‌خسێنێ و گه‌رمای قه‌تیس بووش له ناو به‌رگه هه‌وا، خۆی خاڵی ده‌كاته‌وه.
پیشه‌سازی نه‌وت ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی مه‌ترسیدار بۆته‌وه، به نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ نزمترین ئاست له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو، ڕه‌نگه له داهاتوو قه‌یرانه‌كه قوڵتر ببێته‌وه، چونكه به‌های پشكی هه‌ندێك له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له بازاڕه جیهانییه‌كان بۆ نیوه دابه‌زیوه. دوو له‌سه‌ر سێی وه‌به‌رهێنانی ساڵانه له‌و كه‌رته وه‌ستاوه، كه به‌هاكه‌ی زیاتر له 130 ملیار دۆلاره، ده‌یان هه‌زار كرێكاری ئه‌و سێكته‌ره كاره‌كانیان له‌ده‌ست دا، یه‌كه‌م كۆمپانیای نه‌وتی به‌ردین له وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كان په‌ڕاوی مایه‌پووچ بوونی خۆی ڕاده‌ستی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك له بازاڕه‌كانی نه‌وت نرخی نه‌وت بووه سلبی، واته فرۆشیار پاره ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی ببه‌ی به هۆی پڕ بوونی كۆگا جیهانییه‌كان. هه‌ندێك له بیره نه‌وتییه‌كان كه رۆژانه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتیان به‌رهه‌مده‌هێنا ئێستا داخراون، چونكه نرخی نه‌وت ئێستا كه‌متره له تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه بۆ هه‌میشه پیشه‌سازی نه‌وت و جوگرافیای سیاسی بگۆڕێت و گفتۆی گۆڕانی كه‌ش و هه‌واش، گۆڕانكاری به‌سه‌ر بێت.
هه‌رچه‌ند مانه‌وه‌مان له‌ماڵ درێژه بكێشێت و ڕابێین كاره‌كانمان له ماڵه‌وه له ڕێگای ئینته‌رنێت به‌ڕێ بكه‌ین، كۆبوونه‌وه‌كانمان له ڕێگای ڤیدیۆكۆنفراس به‌ڕێوه ببه‌ین، دوای نه‌مانی په‌تاكه پرسیاری باو ئه‌وه ده‌بێت، ئایا به‌ڕاست پێویستمان به گه‌شتی فرۆكه هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانمان؟
به پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی گروپی (وود ماكنزی) ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت 35 دۆلار بێت، ئه‌وا 75% پڕۆژه‌كان تێچووی سه‌رمایه‌گوزاری خۆیان پڕناكه‌نه‌وه. قازانج بۆ گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت بوونی نامێنێت و سه‌رده‌می زێڕینی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت به‌سه‌ر ده‌چێت. به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ی نرخی نه‌وت به‌خۆیه‌وه ده‌بینی وه‌به‌رهێنان له‌و كه‌رته سه‌رنجی وه‌به‌رهێنه‌ران ڕاناكێشێ، چونكه داهاتی نزمه و مه‌ترسی به‌رزه، كاربۆنی زۆره، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت بگاته 20 دۆلار، زۆربه‌ی پیشه‌سازییه‌كانی نه‌وت له‌ناو ده‌چن.
ئه‌گه‌ری كۆتایی جیهانگیری
به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا سیسته‌می جیهانی ڕووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر ده‌بێته‌وه و ده‌بێته هۆی دووبه‌ره‌كی و ناسه‌قامگیری له نێوخۆی وڵاتان و له نێوان وڵاتان، جیهانگیری له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره دایه، چونكه زنجیره‌ی هاورده‌ی جیهانی ڕووبه‌ڕووی هه‌ره‌سهێنان بۆته‌وه، وڵاتان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر پێداویستییه پزیشكییه كۆگاكراوه‌كان و ڕیگا گرتن له گه‌شت و جێبه‌جێكردنی كه‌ره‌نتین. گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی قه‌یرانه‌كه و ئاڵنگارییه‌كان پێویست ده‌كات ئابووری نێوده‌وڵه‌تی و تێكهه‌ڵكێشراو دووباره هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێته‌وه.
جیهانگیری ژینگه‌یه‌كی گونجاوی ڕه‌خساند بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له جیهان، تێكهه‌ڵكیشی نێوان وڵاتان و كۆمپانیاكان به‌رگری هه‌مووانی دژی شۆك و په‌تاكان لاواز كردووه، ئه‌وه‌ی پێشتر به‌خه‌یاڵدا نه‌هاتووه، ئێستا وڵاته‌كان و كۆمپانیاكان ده‌زانن چه‌ند له ژێر مه‌ترسیدان. ئه‌و وانه‌یه‌ى كۆرۆنا فێرمان ده‌كات، شكستی جیهانگیری نییه، به‌ڵكو له‌رزۆكییه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و سوودانه‌ی له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو هه‌یبووه.
شكستی وڵاتانی جیهان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به هه‌ڵسان به ڕۆڵه‌كانی خۆیان له هه‌ماهه‌نگی كردن و ڕیگری كردن له بڵاو بوونه‌وه‌ی په‌تاكه، گومان دروست ده‌كات، وڵاتان دڵنیا بن له ده‌ستكه‌وتنی پێداویستییه‌كانیان له ڕێگای هاورده‌كردن له ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ره‌سهێنانی زنجیره‌ی هاورده‌ی جیهانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕوویدا، له سێكته‌ری ته‌ندروستی و پێداویستی پزیشكی به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا. چونكه به‌رهه‌مهێنی پێداویستتیه پزیشكییه هه‌ستییار و سه‌ره‌كییه‌كان، خۆیان له به‌رده‌م خواستێكی گه‌وره‌ی جیهانی بینییه‌وه، وڵاتان كه‌وتنه كێبڕكێی یه‌كتر بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و پێداویستییانه، ئه‌مه‌ش واده‌كات وڵاتانی ئاماده بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه، دوو هه‌ڵبژارده‌یان هه‌بێت، پاشه‌كه‌وتكردنی ئه‌و پێداویستییانه بۆ خۆیان، یان به‌خشینی بڕێكی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاماده‌ییان تێدا نییه به مه‌به‌ستی زیادكردنی هه‌ژموونی خۆیان له‌سه‌ر شانۆی جیهانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا چین هه‌وڵی بۆ ده‌دات.
كتێبی (سامانی نه‌ته‌وه‌كان)ی ئابووریناسی سكۆتله‌ندی ئاده‌م سمیس، بووه ڕێنیشانده‌ری كۆمپانیا جیهانییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی كاری جیهانی، ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی لێهاتوویی، له ئه‌نجامدا، زیادكردنی گه‌شه‌ی ئابووری. چونكه جیهانگیری بازاڕێكی جیهانی گه‌شه‌سه‌ندووی دروستكرد و رێگای بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان خۆشكرد، زنجیره‌یه‌كی هاورده‌ی جیهانی دروست بكه‌ن، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا جیهانگیری سیسته‌مێكی ئاڵۆزی تێكهه‌ڵكیشی پشت به یه‌كتر به‌ستووی جیهانی له نێوان وڵاتان و كۆمپانیاكان دروستكرد. جیهان به‌ره‌و پێشبڕكێی تایبه‌تمه‌ند بوون چوو، له‌به‌ر ئه‌وه جێگۆڕكێ كارێكی ئاسان نییه، ئێستا پیكهاته‌كانی به‌رهه‌مێكی دیاریكراو له ده‌یان وڵات دروست ده‌كرێت و به‌رهه‌م بۆته جیهانی، وڵاته‌كان به ته‌واوی پشت به‌یه‌كتر ده‌به‌ستن له به‌رهه‌مهێنان، هیچ وڵاتێك ناتوانێت به ته‌نها هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه بۆ ئابووری خۆی دروست بكات، كه پێویستی پێیه‌تی، چونكه ئابووری هه‌ر وڵاتێك بۆته به‌شێك له تۆڕێكی ئابووری جیهانی تێكهه‌ڵكێش.
په‌تای كۆرۆنا په‌رده‌ی له‌سه‌ر له‌رزۆكی ئه‌و سیسته‌مه جیهانییه جیهانگیره هه‌ڵماڵی، چونكه بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا له وڵاتێكی هه‌نارده‌كاری پێكهاته‌ی گرنگ، هه‌ندێك پیشه‌سازی و سێكته‌ر تا لێواری هه‌ره‌سهێنان ده‌بات، ئێستا هه‌موو كۆمپانیا دروستكه‌ره‌كانی ئۆتۆمبێلی ئه‌وڕوپا ده‌ترسن له كورتهینان، له ئامێره ئه‌لیكتڕۆنییه بچووكه‌كان، چونكه ته‌نها یه‌ك كۆمپانیا (MTA Advanced Automotive Solutions) ئه‌و ئامێرانه دروست ده‌كات، كه ئێستا كاره‌كانی هه‌ڵپه‌ساردووه به هۆی په‌تای كۆرۆنا له ئیتاڵیا. سه‌باره‌ت به پێداویستییه پزیشكییه‌كان، دۆخێكی خراپتر ڕوویدا، كاتێك پێداویستییه پزیشكییه‌كان وه‌ك ئامێری پشكنینی توشبوون به ڤایرۆس كورتهێنانی به‌خۆیه‌وه دیت له كۆگای زۆربه‌ی وڵاتان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها دوو كۆمپانیا ئه‌م ئامێرانه‌ی دروست ده‌كرد: كۆمپانیای (كیاجن)ی هۆڵه‌ندی و (تاقیگه‌كانی روش) ی سویسڕی، ئه‌وانیش نه‌یانتوانی وه‌ڵامی خواستی نائاسایی له‌سه‌ر ئامیره‌كانیان بده‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكرد، وڵاتیكی وه‌ك وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نه‌توانێت ئه‌و ئامیرانه به خێرایی دروست بكات و ناچار بێت له دوای وڵاتان، له ڕیز بوه‌ستێت بۆ ده‌ستكه‌وتنی هه‌ندێك مه‌وادی كیمیاوی.
كاتێك په‌تاكه له چین بڵاوبووه‌وه، كۆمپانیا چینییه‌كان ده‌ستییان كرد به دروستكردنی ده‌مامكی پزیشكی به هه‌موو توانای خۆیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چین هه‌ڵسا به كڕینی به‌شێكی زۆری ده‌مامك و ئامێری هه‌ناسه‌دان له وڵاتانی جیهان، ئه‌مه‌ش قه‌یرانى له هه‌موو وڵاتانی تری جیهان دروستكرد. هه‌ندێك وڵات زوو كه‌وتنه خۆیان، ڕێگه‌یان نه‌دا ده‌مامك و ئامێری هه‌ناسه‌دان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت، وه‌ك توركیا و رووسیا، ئه‌ڵمانیاش هه‌مان كاری كرد، هه‌رچه‌نده ئه‌ندامیشه له یه‌كێتی ئه‌وڕوپا و پێویسته بازاڕی خۆی له وڵاتانی تری یه‌كێتییه‌كه جیانه‌كاته‌وه. ئه‌ڵمانیا ئێستا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو پێكوته‌كان بكڕیته‌وه، كه كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان خه‌ریكی په‌ره‌پێدانن، بۆ به‌كارهێنانی له نێوخۆی ئه‌مه‌ریكا، به‌رلین بیر له‌وه ده‌كاته‌وه، خۆی پێكوته‌كانی كۆمپانیاكانی ناوه‌خۆ به نرخێكی زیاتر بكڕێته‌وه بۆ ڕێگرتن له بردنه ده‌ره‌وه‌ی پێكوته‌كان.
ئه‌م هۆكارانه و هی تریش، هانده‌رن بۆ نه‌مانی جیهانگیری ئابووری و داخرانی ئابووری وڵاتان به‌سه‌ر خۆیاندا، پشت به‌ستن به خۆیان، به تایبه‌تی له بواری پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان، كه په‌یوه‌ستن به ئاسایشی ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌یان. په‌یكه‌ری هێزی جیهانی به شێوازێكی نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه و فشاری زیاتر له سه‌ر چالاكییه ئابوورییه‌كان دروست ده‌بێت و توانای به‌رهه‌مهێنانی جیهانی كه‌مده‌بێته‌وه به هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر وڵاتانی دواكه‌وتوو ده‌بێت، به‌هۆی زۆری ده‌ستی كاری نه پارێزراو له ڕووی ئابوورییه‌وه. ڕاوێژكاری بازرگانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا (پیته‌ر ناڤاڕۆ) پیش ئه‌و قه‌یرانه‌ش داوای دانانی به‌ربه‌ستی زیاتری ده‌كرد له به‌رده‌م بازرگانی جیهانی، بۆ ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان توانای به‌رهه‌مهێنانی خۆی ڕێكبخاته‌وه بۆ زیادكردنی به‌رهه‌می ناوه‌خۆ و دروستكردنی ده‌رفه‌تی كار بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ڕێگریكردن له كۆچی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ وڵاتانی ده‌ستی كاری هه‌رزان، وه‌ك چین و مه‌كسیك.
گۆڕانی هاوسه‌نگی هێز و ڕاده‌ستكردنی سه‌ركردایه‌تی جیهان به چین
بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له كاتێك هات، كه په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به قۆناغێكی هه‌ستیار تێده‌په‌ریت، چونكه ئه‌مه‌ریكا، چین به هه‌ڕه‌شه ده‌زانێت له‌سه‌ر ئابووری وڵاته‌كه‌ی، هه‌ر دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، تره‌مپ پیته‌ر ناڤارۆی نووسه‌ری كتێبی مردن له‌سه‌ر ده‌ستی چین (Death by China) به ڕاوێژكاری بازرگانی خۆی ده‌ستنیشانكرد و جه‌نگی بازرگانیان دژی ئه‌و وڵاته ڕاگه‌یاند و تا ئێستاش ئه‌م دوو وڵاته سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه له گه‌یشتن به ڕێكه‌وتنێكی بازرگانی، كه هه‌ردوولا ڕازی بكات. سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی نه‌وه‌ی پێنجه‌می ئینته‌رنێت و كۆمپانیای هواوی، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو وڵاته، ده‌باته قۆناغێكی سه‌ختتر و هه‌ستیار تر، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر شێوه‌ی جیهان، دوای ته‌واو بوونی په‌تاكه، چونكه چین ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بێت له دووباره بونیاتنانه‌وه‌ی ئابووری داڕماوی جیهان. كه ئه‌مه‌ریكاش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌ی داڕمانی ئابووری له‌سه‌ره و بازاڕی پشك و قه‌واڵه‌ی ڕۆژ له دوای ڕۆژ له هه‌ره‌سهێنان نزیكتره، دوای ئه‌وه‌ی دوو تریلۆن دۆلاری وه‌ك هاوكاری بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه دابینكرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نه‌یتوانی سێبه‌ری ڕه‌شی هه‌ڕه‌شه‌ی داڕمانی ئابووری له خۆی دوور بخاته‌وه. له كاتی ئێستادا هاوكارییه‌كانی چین ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌تاكه له ئاستی جیهان، چونكه چین به‌رهه‌مهێنه‌رێكی گه‌وره‌ی ئامێر و پیداویستی پزیشكییه، به تایبه‌تی ئه‌و پێداویستییانه‌ی بۆ یه‌كجار به‌كاردێت، وه‌ك ده‌مامك و به‌دله‌ی پزیشكی كه زۆر پێویستن بۆ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی په‌تا جیهانییه‌كه.
چین به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌كی كه‌ره‌سته و پێداویستییه پزیشكییه‌كانه، كه زۆربه‌ی وڵاتان پشتی پێده‌به‌ستن، له توانایدا هه‌یه به‌رهه‌مهێنانی فراوان و جۆراو جۆر بكات، كه زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌و توانایه‌یان نییه، چین ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌قۆزێته‌وه، به‌تایبه‌تی له كاتێكدا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌و دۆخه هیچی له ده‌ست نه‌هات. له كاتێكدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت ((ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌مجار)) و پێی وایه وڵاته‌كه‌ی له پێشه‌وه‌ی هه‌موو وڵاتانه، خه‌ریكه سه‌ركردایه‌تی جیهان له‌ده‌ست ده‌دات، چونكه سه‌ركردایه‌تیكردنی جیهان له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه له حه‌فتا ساڵی ڕابردوو، ته‌نها به هۆی هێزی ئابووری و سه‌ربازی نه‌بووه، به‌ڵكو توانای دابینكردنی كاڵا و پێداویستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان، توانای كۆكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌كاتی قه‌یران و كاره‌سات. كۆرۆنا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته بۆ هه‌رسێ توخمی سه‌ره‌كی بۆ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، هه‌تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا له تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌رنه‌چووه و چین سوود له هه‌ڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بینێت و ده‌رفه‌ته‌كه ده‌قۆزێته‌وه و ئه‌و بۆشاییه پڕ ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا دروستی كردووه. ده‌ستكراوه‌یی له‌م دۆخه‌دا، ده‌بێته گرنگترین ئامرازی فراوانكردنی هه‌ژموونی چین له جیهان. ئه‌وه‌ی بینرا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، هیچ هه‌ڵویستی نه‌بوو له یارمه‌تیدانی وڵاتان له‌و دۆخه قورسه‌دا و مه‌یدانه‌كه‌ی بۆ چین جیهێشت.
به‌ریتانیا به‌هۆی قه‌یرانی كه‌ناڵی سوێس له ساڵی 1956 سه‌ركردایه‌تی جیهانی له‌ده‌ست دا، یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به هۆی قه‌یرانی ئه‌فغانستان له ساڵی 1987 وه‌ك وڵاتێكی زلهێز پاشه‌كشه‌ی كرد، بۆیه پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌و پوشكه‌یه ده‌بێت، كه پشتی حوشتره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌شكێنێت؟!
ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا
بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئه‌وروپییه‌كان پێیان وانه‌بوو په‌تای كۆرۆنا له وڵاته‌كانیان بڵاوبێته‌وه. ڕه‌نگه ئه‌و باوه‌ڕه‌یان له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵدابێت، كه په‌تاكانی ساڵانی ڕابردوو وه‌ك (زیكا) و (ئیبۆلا) له وڵاته هه‌ژاره‌كان سه‌ریانهه‌ڵدا و هه‌ر له وێش كۆتاییان هات. به‌ڵام كۆرۆنا پێی وتن جیهانگیری جیهانی وه‌ك دێیه‌كی بچووك لێكردووه، بۆیه دانانی سنوور له نیوان ماڵه‌كانی دێیه‌ك، هیچ مانای نییه. بۆیه ڤایرۆسه‌كه به‌بێ له ده‌رگادان چووه ناو وڵاته ئه‌وڕوپییه‌كان. ئه‌م ڤایرۆسه جیاوازی له نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و پێست سپی و ڕه‌ش ناكات، به‌رگری له‌شی تاكه‌كان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، یان زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ری، یان خۆی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. به هه‌مان شێوه‌ش به‌رگری یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، ئایا یه‌كێتی ئه‌وروپا له تونێلی تاریكی كۆرۆنا ده‌ربازی ده‌بێت و به‌یه‌كه‌وه ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ده‌گێڕن، به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا، یان له‌پاڵیه‌كتر هه‌ڵیانده‌وه‌شێنێ، تاكو دوای په‌تاكه ده‌رده دڵی خۆیان هه‌ڵڕێژن به هۆی شه‌رمه‌زاركردنیان له لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانیان.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، ئیتاڵیا په‌نای برده به‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هانایه‌وه بچن به پێدانی پێداویستی پزیشكی و له مه‌رگ ڕزگاری بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌وروپییه‌كان بۆ ئیتاڵیا، وه‌ك وه‌ڵام بوو بۆ وڵاتێكی ئه‌فریقی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سیاسه‌تمه‌داری ڕاستڕه‌وی ئیتاڵی ماتیۆ سالفینی وتی: (كاتێك وڵاتانی تر له ناخۆشی داده‌بن، پێویسته ئیتاڵیا ببه‌خشێت، به‌ڵام كاتێك ئیتاڵیا پێویستی ده‌بێت وڵاته‌كان سنووره‌كان و گیرفانه‌كانیان داده‌خه‌ن). وه‌ك پرسیارێك بۆ سوودی مانه‌وه له یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌م دۆخه كه‌س گوێ له گازانده و تۆمه‌تباركردنی كه‌س ناگرێت، به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌دا، ڕای گشتی هاووڵاتییان قبوڵناكات پێداویستییه‌كان بچنه ده‌ره‌وه، به‌هه‌ر بیانوێك بێت، سیاسه‌تمه‌داره‌كان باش له‌و دۆخه تێگه‌یشتوون و هه‌موویان ته‌نها هه‌وڵیان بۆ ده‌رباز كردنی وڵاتی خۆیانه.
پ. د. هاوڕێ مه‌نسوربه‌گ/ دكتۆرا له جیۆلۆجیای نه‌وت
د. ئه‌رشه‌د ته‌ها/ دكتۆرا له سیاسه‌تی ئابووری
سەرچاوە: کوردستان ٢٤
2020/04/06


